ماڵی نەجمەدین کەریم لە سلێمانی دەستی بەسەردا گیراوە و تاڵان کراوە

 ماڵی نەجمەدین کەریم لە سلێمانی دەستی بەسەردا گیراوە و تاڵان کراوە
لە شاری سلێمانی، ماڵی پارێزگاری شەرعیی کەرکووک کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، دەستی بەسەردا گیراوە و تاڵان کراوە.



دوای خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ی گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووک و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە کۆسپی بەردەم خیانەتەکەیان دەزانن، هەوڵی جددی و جۆراوجۆیان لە دژی داوە. لە دواترین هەوڵیشدا، ڕۆژنامەی (چاودێر)ی سەر بە مەلا بەختیار لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممە 20/11/2017دا ئاشکرای کردووە، لە پاش دوایین دیداری نەجمەدین کەریمدا، یەک ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بە ناوی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕاگەیاندنی دژی قسەکانی نەجمەدین کەریم بڵاو کردووەتەوە.



ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە کە بەهۆی ئەو بەیاننامەیەوە، ڕۆژی 18/11/2017، ”لە کۆبوونەوەی بەشێکی ئەو سەرکردانەی یەکێتی کە هاومەرامن، لەسەر دەرکردنی ئەو بەیاننامەیە قسەی ڕەق کەوتۆتە نێوانیان“.



هاوکات سەرچاوەیەکیش بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە: ”د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح وازی لە یەکێتی هێناوە و خۆی بە زمانی خۆی ڕایگەیاندووە کە ڕێککەوتنی لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیدا کردووە، بارەگای دامەزراندووە و لیست و قەوارەی پێشکەشی کۆمسیۆن کردووە، بەیاننامە دژی دەرناکرێت، کەچی لەسەر چاوپێکەوتن، بەیاننامە لەسەر ئەندامانی تری مەکتەبی سیاسی دەردەکرێت“.



هەر لەو هەواڵەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە ماڵەکەی نەجمەدین کەریم لە شاری سلێمانی، ”دەستی بەسەردا گیراوە کە دوو قاسەی تێدا بووە و هەردووکی شکێنراون و کەلوپەلەکانی براون، ئەمەش شەرمەزارییەکی گەورەیە“.



پێشتر لە ڕۆژی 23/9/2017 و دوو ڕۆژ بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئاشکرای کرد کە لاهور جەنگی و گرووپێکی نێو یەکێتی کە ڕێککەوتنی نهێنییان لەگەڵ میلیشیاکان و ئێراندا هەیە، هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا بەسەر نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووکدا دەدەن، بەڵام کودەتاکە شکستی هێنا.



دواتر لە ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، هەمان گرووپی خیانەتکاری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران، حزبوڵای لوبنان و هێزەکانی دیکە) ئەنجام دا و چاوساغییان بۆ کردن تاوەکوو دەست بەسەر شارەکانی (کەرکووک، خورماتوو و خانەقین)دا بگرن و سەدان خەڵکی کورد لەو ناوچانە شەهید و بریندار بکەن، لە ئەنجامیشدا نزیکەی 200 هەزار کەس لەو ناوچانە ئاوارە بوون.



دواتر لە ڕۆژی 18/10/2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد کە ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو دەکەوێتە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی“.





باسنیوز
Top