لایەنە سیاسییەکان: ئەگەر بەغدا دیالۆگ قبووڵ نەکات ئەوا کورد لە پرۆسەی سیاسیی دەکشێتەوە
وێڕای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەند جارێک ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و گرفتەکان لەو چوارچێوەیەدا چارە بکرێت، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق ئامادەیی نیشان نەداوە بۆ گفتوگۆ، وێڕای ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەوڵێک هەیە بۆ سزادانی پەرلەمانتارە کوردەکان، بەتایبەت ئەوانەی دەنگیان داوە بە ڕیفراندۆم، هاوکات هێشتا عێراق لەبارەی پرسی ناوچە جێناکۆکەکان و خاڵە سنوورییەکان لەگەڵ کوردستان گفتوگۆی دەست پێ نەکردووە.
(ئیسلام حوسێن)، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەغدا خەریکە لە ڕێڕەوی غرووربوونیش لا دەدات و دەیەوێت عەقڵیەتی شۆڤێنیەتی ڕابردوو دووبارە بکاتەوە، لە جیاتی دیالۆگ پەنا دەباەتە بەر جەنگ، لە هەموو لایەکەوە فشاری لەسەرە بۆ کۆبوونەوە و گفتووگۆ، کەچی ڕەتی دەکاتەوە، زۆر خاڵی هاوبەش هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا دەبێ بە یەکەوە بیکەن، بەڵام بەغدا لەوە تێ ناگات، دەیەوێت گرفتەکان بەزۆرینە و کەمینە چار بکات و ئیستاش دەستی داوەتەوە تۆڵەکردنەوە لەوانەی بەشدارییان لە ڕیفراندۆمدا کردووە.''
(ئیسلام حوسێن) گوتیشی: ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی نیشان داوە بۆ گفتوگۆ، کەچی بەغدا بە فەرمیی وەڵامی نەداوەتەوە، لەکاتێکدا دەبوو ئێستا ئەوان شاندیان ناردبایە بۆ کوردستان، یان پێشوازییان لە شاندی کوردستان بکردایە، بۆیە ئەگەر ئەوان نەیەنە سەرخەت و گفتوگۆ ڕەت بکەنەوە، بژاردەی کشانەوەمان لە پرۆسەی سیاسی تاوتوێ دەکەین.''
هاوکات (جەمال کۆچەر)، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پێویستە پەرلەمان و حكومەت و بەرپرسانی هەرێم هەماهەنگ بن لەگەڵ نوێنەرانی كورد و بەرچاو ڕوون بن و بزانن بە چ ئاراستەیەك مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا بكەن، چونکە ئەوەی ئیستا هەیە جۆرێک لە غروروبوونە لە لایەن بەغداوە و دەبێ ڕاستیی ئەم پرسەش بۆ هەموو جیهان ڕوون بکرێتەوە، کە بەغدا لەم بێمنەتیەی دەرئەنجامی باش وەرناگرێت، چونکە دواجار هەڵوێستی سیاسی وەردەگرین.''
(جەمال کۆچەر) گوتیشی، ''پێویستە دانوستانكارانی هەرێم و فراكسیۆنە كوردییەكان بە یەك ئاراستە و بە هەماهەنگی وەك تیمێك گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا بكەن.''
پێشتر (برێت ماكگۆرك)، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە شەڕی دژ بە داعش لە ئەژماری خۆی لە تویتەر بڵاوی کردەوە، ئەوان پێشوازی دەكەن لە ئامادەیی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی نێوانیان و چارەی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور.
هاوکات، (سادق جەباری)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''گرێکوێرەى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق بۆ دەستپێکردنەوەى گفتوگۆ و دانوستانەکان ئەوەیە کە حکوومەتى عێراق دەستى لەگەڵ دەستى چەند وڵات و لایەنێک تێکەڵ کردووە، هەڕەشە و هەنگاوی زۆریان بەرامبەر بە هەرێمى کوردستان گرتەبەر، کە بەڕاستى لە قەبارەى پەرچەکردارى گشتپرسیى هەرێمى کوردستان بۆ سەربەخۆیی گەورەتر بوون، بۆیە پێویستە لەو بیرکردنەوەیە بێنە خوارەوە و دەست بکەن بە گفتوگۆ، چونکە دواجار زۆر شتی هاوبەش هەیە دەبێ پێکەوە بیکەن، کاتی خۆشی لە شەڕی داعش ئەگەر کوردستان نەبوایە عێراق نەیدەتوانی داعش لەناو ببات، بۆیە ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر ئەو سیاسەتە، دواجار لایەنە کوردستانییەکان هەڵوێستی دیکەیان دەبێت.''
(سادق جەباری) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''گەلى کوردستان خۆڕاگرە لەبەردەم ئەم هەڕەشەیەدا و دەستوورى عێراقیش ئەمە ڕەت دەکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا وڵاتانى دنیا هەنگاوى لەم جۆرە دژ بە هەرێمى کوردستان قبووڵ ناکەن.''
kdp-
