بەریتانیا پشتیوانی بۆ مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی
ئەمڕۆ 19-11-2017 (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە (جۆناتان ویلکس) باڵیۆزی نوێی بەریتانی لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.
لە میانەی ئەم دیدارەدا چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەریتانیا تاوتوو کران و باڵیۆزی بەریتانیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەیان پاڵپشتی لە مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و هاوکار دەبن بۆ ئەوەی هەرێم ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت و هەرچی زووتر پێشکەوتنی ئابوووری و دارایی و ئاوەدانی بە خۆیەوە ببینێتەوە.
باڵیۆزی بەریتانیا لە ئاماژە بە دوا ڕەوشی پێوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتی دانوستانێکی ئاشتیانە لە سەر بنەمای دەستور بۆ چارەسەریی گشت کێشەکانی نێوان هەردوولا دووپات کردەوە.
لە بەرامبەردا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێێ بەریتانیا خواست و جەختی لە بەردەوامی و بەهێزترکردنی پەیوەندی دوولایەنە کردەوە. لە بارەی دوا رەوشی دەڤەرەکە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم پێگیریی هەرێمی بە بەشداری لە هاوپەیمانیی جەنگی دژی تیرۆر دووپات کردەوە و ئاواتی خواست بە چارەسەریی بنەڕەتیی کێشەکان و ڕهواندنەوەی گرژیەکان بتوانرێت زەمینەی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لە دەڤەرەکە لەناو ببردرێت.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش پاڵپشتیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی ئاشتیانەی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا لە پێناو چارەسەریی کێشەکان بە گرنگ زانیی و ئاواتی خواست هەرچی زووتر بەغدا بە ڕێز گرتن لە دەستور وەڵامی ئەرێنیی بۆ هەوڵەکانی هەرێم لە پێناو دەستپێکردنی گفتوگۆ هەبێت.
kdp-
