گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە شنگال دۆزرایەوە

 	 گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە شنگال دۆزرایەوە
سەرچاوەیەک لە نێو شنگال ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە (١٩-١١-٢٠١٧) گۆڕێكی بەکۆمەڵ لە ناوچەی گرزەرکی سەر بە قەزای شنگال دۆزرایەوە.

سەرچاوەکەی نێو شنگال، کە خۆی سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی کردووە و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''گۆڕە بەکۆمەڵەکە لە ناوچەی گرزەرکی باشووری قەزای شنگال دۆزرایەوە و لە گۆڕەکەدا ١٧ کەسی تێدایە.''

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: ''حەشدی شەعبی ڕێگرە بۆ ئەوەی خەڵک سەردانی گۆڕەکە بکات، چونکە خەڵک دەیانەوێت ئەو ڕووفاتانە بناسنەوە، چونکە تا ئێستا دیار نییە ئەم کەسانە کێن لە نێو گۆڕەکەدا و لیژنەی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش ناتوانن سەردانی ناوچەکە بکەن بۆ بەسەرکردنەوەی گۆڕەکە.''

بەڕێوبەرایەتیی کاروباری ئێزدییان لە دوایین ئاماری قوربانیانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییاندا لە شنگال، ڕێکەوتی (٣-٨-٢٠١٤)، بڵاویان کردەوە، زیاتر لە ٤٠ گۆڕی بەکۆمەڵ و تاک لە ناوچەی شنگال دۆزرانەوە و پێ دەچێت سەدان کەس لەو گۆڕانەدابن.

kdp-
Top