سۆران.. دەست بەسەر دەیان کارتۆن جەرگی قەدەغەکراوی ئێرانی داگیرا

 سۆران.. دەست بەسەر دەیان کارتۆن جەرگی قەدەغەکراوی ئێرانی داگیرا
ئەمڕۆ یەکشەممە لێژنەکانی تەندروستی و ئابووری سۆران، بە ھاوکاری ھێزەکانی ئاسایشی سۆران، دەستیان بەسەر دەیان کارتۆن جەرگی قەدەغەکراوی ئێرانی داگرت.

قەسیم برادۆستی، بەرپرسی بەشی چاودێری تەندروستی لە بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی سۆران، رایگەیاند: "لە بەردەوامی پشکنین و بەدواداچوونەکانمان بۆ بازاڕو دوکانەکانی سۆران، لە پێناو نەھێشتنی خواردەمەنی و کاڵای ماوە بەسەرچوو قەدەغەکراوەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە 19/11/2017 بەھەماھەنگی لەگەڵ لێژنەی ئابووریی سۆران، دەستمان بەسەر (35) کارتۆن جەرگی قەدەغەکراوی ئێرانی داگرت، کە جگەلەوەی ئەو جەرگە لەرووی تەندروستییەوە قەدەغەکراوە، لەھەمان کاتیشدا بەروار و ماوەی بەسەرچوو بوو".

بەرپرسی بەشی چاودێری تەندروستی لە بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی سۆران، ئەوەشی روون کردەوە: "دوای دەست بەسەر داگرتنی ئەو جەرگە ئێرانییە، بە ھاوکاری ھێزەکانی ئاسایشی سۆران، لەشوێنێکی دیاریکراو لەناو بردراو خاوەن دوکانەکەش سزادرا، ھەروەھا ناوبراو خراوەتە ژێر چاودێری و لە دووبارە بوونەوەی رووبەڕوی یاسا دەبێتەوە".









باسنیوز
Top