میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دوو ئەندامی ڕێکخستنەکانی پارتی دەڕفێنن
شەوی 14/11/2017، چەکدارانی حەشدی شەعبی لەناو پردێ، (بەختیار تۆفیق خالید و کۆسرەت کاکل عەبدوڵا)یان ڕفاندووە کە هەردووکیان ئەندامی ڕێکخستنەکانی پارتین، دواتر بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.
لەمارەیەوە عەقید بێستون محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەدێی پردێ کە بەهۆی ڕووداوەکانەوە ئاوارە بووە، ڕایگەیاند: "ھەواڵەکانی ناو پردێمان پێ دەگات و ئێستاش ھەواڵی ئەوەمان پێ گەیشتووە کە دوو کەس بەناوەکانی بەختیار تۆفیق و کۆسرەت خالید لە لایەن ھێزە چەکدارەکانەوە دەستگیر کراون".
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، تاوەکوو ئێستا نازاندرێت هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو دوو ئەندامەی ڕێکخستنەکانی پارتی چییە، بەڵام سەرچاوەکانی ناو کەرکووک باس لەوە دەکەن کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سنووری پارێزگای کەرکووک، ڕۆژانە بە بیانووی جۆراوجۆر، کوردان دەستگیر دەکەن.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
