پیلانەکانی حەشدی شەعبی لەدژی کورد لە مەندەلی ئاشکرا دەبن

 پیلانەکانی حەشدی شەعبی لەدژی کورد لە مەندەلی ئاشکرا دەبن
بەڕێوەبەری پێشووی شارەدێی مەندەلی ڕای دەگەیەنێت، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی شاردێی (مەندەلی)یان بە تەواوەتی داگیر كردووە و دەستیان کردووە بە کوشتن و چەوساندنەوەی کوردانی ئەو ناوچەیە.



عەبدولحوسین قەرەلووسی ناسراو بە حاكم شاهۆ، بەڕێوەبەری پێشووی شارەدێی مەندەلی، ڕاگەیاند: "ڕەوشی شارەدێی مەندەلی خراپە و حەشدی شەعبی ناوچەكەی بە تەواوەتی داگیر كردووە".



ئاشكراشی كرد، ئێستا بارەگای لێژنەی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، عەسائیبی ئەهلی حەقی تێدایە و بارەگای كۆمیتەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش چەكدارانی بەدری تێدایە.



قەرەلووسی كە بە زۆر لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە لە پۆستەكەی دوور خراوەتەوە، ئەوەی خستە ڕوو: "دۆخی تەناهیی مەندەلی جۆرێكە كە كوشتن و بڕینی تێدا ئەنجام دەدرێت بەبێ ئەوەی كەس بەهانای خەڵكەكەوە بچێت.



لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاشكراشی كرد، هێشتا ژمارەیەكی بەرچاو لە خێزانە كوردەكان لە مەندەلی ماونەتەوە، بەڵام ئەوانیش دەچەوسێندرێنەوە.



پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە 25/9/2017، ئیدارە و ئەنجومەنی شارەدێی مەندەلی، بڕیاریان دا ڕیفراندۆم لە ناوچەكەیان ئەنجام بدرێت، وەك كاردانەویەك لە بەرامبەر ئەو بڕیارە، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەر مەندەلی و باڵەخانەی شارەدێیەكەیان داگیر كرد و بەڕێوەبەری ئەو شارەدێیەشیان لە پۆستەكەی دوور خستەوە.



مەندەلی لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە خانەقینە و یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و بەشێكی بەرچاو لە كوردانی فەیلی لەو ناوچەیە دەژین.



باسنیوز
Top