مامۆستایانی ئایینی: دەسەڵاتدارانی بەغدا، هەمان كردارە نامرۆڤانەكانی بەعس دژ بە كورد دووبارە دەكەنەوە
مامۆستا (عوسمان سەید ئەحمەد) گوتاربێژی مزگەوتی نوور لە پارێزگای هەڵەبجە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "كەركووك شارێكی كوردستانییە، ئەوەی ئێستا بەسەر خەڵكی ئەو پارێزگایەدا دێت، هەمان سیاسەتی سەردەمی ڕژێمی دكتاتۆری بەغدایە بۆ سزادانی گەلی كورد."
(سەید ئەحمەد) دەڵێت، "ئەوانەی ئێستا ستەم لە گەلی كورد دەكەن، ساڵانی دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 لە كوردستان دەمانەوە و درێژەیان بە ژیانی سیاسیی خۆیان دەدا، بۆیە ناماقوڵییە كاتێك ئێستا ئەوان چوونەتە سەر كورسیی دەسەڵات، درێژە بە تاوانەكانی ڕژێمە فاشیستەكانی پێش خۆیان بدەن، لە كاتێكیشدا داعش نیوەی زیاتری عێراقی داگیر كرد، بە هەمان شێوە گەل و حكوومەتی ئێمە باوەشی بۆ لێقەوماوانی ئەوان كردەوە، بەڵام دەبینین عەرەب هەر كات دەسەڵاتی هەبووبێت، هەوڵی چەوسانەوە و لەناوبردنی كوردستانیانی داوە، ئیدی ئاوها پاداشتی چاكەكانمان دەدەنەوە."
گوتاربێژی مزگەوتی نوور هێما بۆ ئەوە دەكات، "برسیكردن و گرتنی ئاسمان لە گەلەكەمان جێگەی داخە، كە دەیانەوێت لە ڕێگەی ئابڵووقەی سەر كوردستانەوە ئەزموونی هەرێمی كوردستان لەناو بەرن، دەبوو سەرانی عێراق پەندیان لە سەركردەكانی پێشووی عێراق وەربگرتایە كە هەموو هێزی خۆیان بەكار هێنا بۆ لەناوبردنی گەلەكەمان، بەڵام نەك پێیان نەكرا، بەڵكوو خۆیشیان لەناو چوون، دڵنیایش بن ئەمانیش هەمان چارەنووسی سەركردەكانی پێشووی عێراقیان دەبێت."
لەبارەی لووتبەرزیی سەرانی عێراقەوە، (سەید ئەحمەد) ئاماژە دەدات، "(عەبادی) تووشی غرووری بووە، بۆیە داواكارین ئەگەر بەغدا لەسەر پێشێلكردنی مافی گەلەكەمان بەردەوام بوو، ئەوا كورد لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق بكشێتەوە، تەواوی ئەو دژایەتییەی بەغدا بۆ ئێمە، لەسەر ئەو مافەیە كە خوا پێی داوین ئەویش بڕیاردانە لە چارەنووسی خۆمان."
سەبارەت بە دووبارەكردنەوەی بەعەرەبكردن لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، مامۆستای ئاینی و گوتاربێژی مزگەوتی كەلی خان (ئەبراهیم حەمەسەعید)، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "حكوومەتی ئێستای عێراق هەمان هەڵەكانی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق دووبارە دەكاتەوە بۆ پاكتاوی ڕەگەزی و لەناوبردنی نەتەوەی كورد، كە لە ئێستایشدا ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیان داگیر كردووە، هەمان هەڵەی حكوومەتەكانی پێشوو دووبارە دەكەنەوە."
(حەمەسەعید) گوتی، "كاتێك (سەددام) و دارودەستەكەی زوڵمیان لە گەلی كورد كرد، ڕیسوا بوون، بۆیە ئەگەر ئەمانەی ئێستا لەسەر حوكمن بیانەوێت لەسەر ڕێچكەی (سەددام) بڕۆن، هەمان چارەنووسی دكتاتۆرەكانی پێش خۆیان دەبێت، كە خۆیشیان كوشتەی دەستی زوڵمكاران بوون، ئەوەی ئێستایش لە كەركووك ڕوو دەدات، دووبارە ئەقڵییەتی سەردەمی ڕژێمی پێشووە و بەعەرەبكردن و ڕاوەدوونانی كورد دەستی پێكردووە."
ئەو مامۆستا ئایینییە لە بەرانبەر داگیركەراندا، داوای یەكگرتوویی لە تەواوی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دەكات بەرانبەر بە بەغدا و، تەوای ئەو كەس و لایەنانەی كە دەیانەوێت زیان بە گەلی كوردستان بگەیێنن."
kdp-
