محەمەد ئەمین: پێگەی جیۆسیاسیی و ئابووریی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناویندا بە بەهێزی دەمێنێتەوە
(محەمەد ئەمین کارداش)، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان-تورکیا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێستا کورد پێگەی سیاسی و ئابووری و جیۆسیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناوچەکەدا زۆر بەهێزە و جیهان مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات، چونکە کورد وەک نوێنەری ڕۆژهەڵاتی ناوین پێگە بەهێزەکەی خۆی پاراستووە لە هەموو بوارێکەوە و دەتوانێت باڵانسی سیاسیی ناوچە بگۆڕێت.''
سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان-تورکیا ئەوەیشی گوت: ''ئێستا دنیا ناتوانێت دەستبەرداری کورد بێت، چونکە کوردەکان سەلماندیان تەنیا ئەوانن دەتوانن تیرۆر لەناو ببەن و ئەو ڕێکخراوە مەترسیدارانە وەک هەڕەشە لەسەر ئاسایشی جیهان نەهێڵن، ئەمەش وای کرد کورد لە ناوچەکەدا بە بەهێزی بمـێنێتەوە و دنیا دەستبەرداری نەبێت.''
(کارداش) لە درێژەی قسەکردنیدا گوتی: ''ئێستا کوردستان لە ناوچەکەدا وەک یاریزانێکی سەرەکی یاری دەکات، چونکە یەکەم گەلە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بە شێوەی ئازادی و دیموکراسییانە داوای مافی خۆی دەکات، کەچی تا ئێستاش دەوروبەرەکەی قبووڵی ناکەن.''
دەشڵێ، ''ئەگەر جیهان بیەوێ لەڕووی نەمانی تیرۆر و بەهێزکردنی پێوەندییە ئابووری و سیاسییەکانەوە بیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بکاتەوە، دەبێ لەگەڵ کورد قسە بکات، چونکە گەلێکی ئاشتیخوازە لە ناوچەکەدا و زۆرداریی لە هیچ کەس نەکردووە و تەنیا داوای مافی خۆی دەکات و بۆ وڵاتانی جیهانیش دەرکەوتووە، کێن ئەوانەی دەیانەوێت لە ناوچەکەدا ببن بە هاوپەیمانیان لە دژی تیرۆر.''
kdp-
