پارتی به داگیركراوی دهزانێ.. یەکێتی دەیەوێت ئەنجوومەنی قەزای مەخموور دروست بکات
(ڕەشاد گەڵالی)، بەرپرسی کۆمیتەی مەخمووری یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی زانیارییەکەی پشتڕاست کردەوە و گوتی: ''ئەمە چواردە ساڵە قەزای مەخموور ئەنجوومەنی نییە و پارتی ھەموو دەستەڵاتیکی ھەیە لەو سنوورە، لەبەر ئەوەش، ئێمە وەک یەکیتی بە مافێکی دەستووریی دەزانین مەخمووریش ھاوشێوەی قەزاکانی دیکەی عێراق ئەنجوومەنی ھەبێت، تا ئێستا یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لەو ئەنجومەنە و ئەگەر سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە پشکی پارتی کێشەمان بۆ دروست نەکات، ئەوە ئەنجومەنی قەزای مەخموور ڕادەگەیەنین.''
(خەلیل پالانی) كه بەرپرسی ھەرێمی قەرەچۆغی یەکێتیی نەتەوەییی دیموکراتی کوردستانه بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''یەکێتی ڕەزامەندی بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی قەزای مەخموور لە بەغدا وەرگرتووە و داوایان لێ کردووین وەک یەکێتیی نەتەوەیی بەشدار بین لە پێکھێنانی ئەنجوومەنی قەزای مەخمووردا، بەڵام ئێمە وەکی یەکێتیی نەتەوەیی بەشداری لە ھیچ ئەنجوومەنێک ناکەین بە ھەوڵی تاکلایەنە پێک بێت و کۆدەنگیی لایەنە کوردستانییەکانی مەخمووری لەسەر نەبێت، چونکە ئێمە ھێشتا بارەگای حزبمان داگیر کرداوە لە لایەن ھێزە عێراقیەکانەوە و ئامادەش نین ڕادەستمانی بکەنەوە، لەبەر ئەوە ڕەتی دەکەینەوە بەشداری لە ئەنجومەنی قەزای مەخمووردا بکەین، تا ئاساییکردنەوەی ڕەوشی مەخموور.''
(کرمانج عەبدوڵڵا) بەرپرسی لقی ٢٣ی مەخمووری پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین شەرعیەت بەو داگیرکارییەی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان نەدرێت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چونکە وەک پارتی پێمان وایە ناوچەکە داگیر کراوە و ناشبێت وەک کورد ببینە بەشێک لەو پیلانە و شەرعیەتی پێ بدەین.''
(کرمانج عەبدوڵڵا) جهخت دهكاتهوه، ''پارتی ناگەڕێتەوە شوێنێک کە داگیر کرابێت و بەشداری لە ھیچ ڕێککەوتن و پێکھێنانی ئەنجوومەنێکدا ناکەین لەم قۆناغەدا، تا ئەوکاتەی لە ڕووی سیاسییەوە کێشەی ئەو ناوچانە بە ھەر شێوەیەک بێت چارە دەکرێت.''
(خالید تاھیر) ئەندامی کۆمیتەی محەلیی ھەولێری حزبی شیوعیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''حزبی شیوعی ھەموو کاتێک لەگەڵ کۆدەنگیی ھێز و لایەنە کوردستانییەکاندایە و بەبێ بەشداریی ھەموو لایەنەکان ئێمە بەشداری لە پێکھێنانی ئەنجومەنی قەزای مەخمووردا ناکەین و ھەر لە سەرەتاوە حزبی شیوعی ھەموو ھەوڵێکی تاکلایەنەی ڕەت کردووەتەوە، وەڵامی ئێمە بۆ یەکێتی ئەوە بووە بەشداری لە ئەنجوومەنەکەدا ناکەین تا ڕەوشی مەخموور یەکلا نەکرێتەوە.''
kdp-
