شەشۆ: حەشدی شەعبی لە شنگال دەکشێتەوە و دەچنە دەرەوەی شار

 	 شەشۆ: حەشدی شەعبی لە شنگال دەکشێتەوە و دەچنە دەرەوەی شار
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان لە شنگال دەڵێت، ئێستا حەشدی شەعبی بنکەکانی خۆی لە شنگال دەکشێنێتەوە و دەچنە دەرەوەی شار.

(حەیدەر شەشۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێستا حەشدی شەعبی بنکەکانی خۆی لە شنگال دەکشێنێتەوە و دەچنە دەرەوەی شار و ئەو بارەگایانەی کە حەشد دەستیان بەسەردا گرتوون. ئێستا چۆڵیان دەکات.''

فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان لە شنگال گوتی: ''حەشد کە هاتبوو بۆ شنگال بە ناشەرعی دەستی بەسەر بارەگاکانی پێشمەرگە و فەرمانگە حکومییەکاندا گرتبوو، بەتایبەت بارەگای فەرماندەیی پێشمەرگە، بەڵام لە دۆێنێوە هەموویان چۆڵ کردوون و چوونەتە باشووری شنگال و بڕیارە تا سەری ئەم مانگە تەواوی شنگال بەجێ بهێڵن.''

ئەو گوتیشی: ''بە هیچ شێوەیەک کرداری حەشدی شەعبی لە شنگال جێگای قبووڵ نییە و قبووڵیش ناکرێت، چونکە ئەوان بە شێوەیەکی ناشەرعیانە هێرشیان کردە سەر ناوچە کوردستانییەکان و پێشێلکارییان لەو ناوچانەدا کرد.''
bas news-
Top