پۆلیسی ھەولێر: تەرمی ئەفسەرێکی پێشمەرگە دۆزرایەوە

 پۆلیسی ھەولێر: تەرمی ئەفسەرێکی پێشمەرگە دۆزرایەوە
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە تەرمی ئەفسەرێکی پێشمەرگە، لە نزیک وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دۆزراوەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 18/11/2017، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)دا بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "شەوی ڕابردوو 17/11/2017، پۆلیس ئاگادار کرانەوە بەبوونی تەرمێک لە نزیک وەزارەتی پێشمەرگە، دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەکە، دەرکەوت کەوا تەرمێک ھەیە لەو شوێنە بەناوی (ئەمین خەلیل میران)، تەمەن 36 ساڵ و پیشەی موقدەمە لە وەزارەتی پێشمەرگە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا پۆلیسی ھەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی کراوە، تا ئێستاش بۆ گەیشتن بە ڕاستیی ڕووداوەکە، لێکۆلێنەوەکانیان بەردەوامە.

ھەر سەبارەت بەم ڕووداوە، پۆلیسی ھەولێر لە ڕاگەیاندراوێکی دیکەیدا، کە بەھەمان شێوە لە پەیجی فەرمیی خۆی بڵاو کراوەتەوە، تێیدا ھاتووە: "کەسێک بە تۆمەتی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو بە ناوی (ح.خ) دەستگیرکرا، کە ئەفسەرێکی پێشمەرگە تیایدا گیانی لەدەست دابوو".

لەو ڕاگەیاندراوەدا پۆلیسی ھەولێر ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "دەستگیرکراوەکە پاسەوانی تایبەتیی ئەفسەرەکە بووە، خانەوادەی ئەفسەرەکەش سکاڵای یاساییان لەسەر ئەو کەسە تۆمار کردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە کرایەوە".









باسنيوز
Top