پەرلەمانتارێك: لێژنەیەكی پسپۆڕ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا پێكهێندراوە

 پەرلەمانتارێك: لێژنەیەكی پسپۆڕ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا پێكهێندراوە
پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لیژنەیەكی پسپۆر بۆ گفتوگۆ و دانوستان، لەگەڵ بەغدا پێكهێنراوە و چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی بەغداین بۆ سازدانی گفتوگۆكان.

عەباس غەزالی، پەرلەمانتاری پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو 15/11/2017ی پەرلەمانی كوردستان، داوا كرا لێژنەیەكی شارەزا و پسپۆڕ بەمەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا پێكبهێندرێت، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی پسپۆڕی لە ئەندامانی پەرلەمان و ڕاوێژكارەكان و كەسانی ئەكادیمی و پسپۆڕانی بواری یاسایی و داریی پێكهێناوە".

ئەو پەرلەمانتارە جەختیش دەكاتەوە: "وەفدەكەی هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بكات، بەڵام چاوەڕوانی وەڵامی بەغداین هەر كاتێك بەغدا بڕیاری خۆی بدات، لێژنەكە ئامادەی گفتوگۆ و دانوستانە".

عەباس غەزالی لە کۆتایی لیدوانەکەیدا باس لەوەش دەكات كە ئێستا بەغدا خۆی بە براوەی شەڕ دەزانێت، بۆیە تا ئەو عەقڵیەتەی نەگۆڕێت، هەر دانیشتن و دانوستانێكیش بكرێت نابێتە چارەسەر بۆ كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، دەشڵێت: "هیچ گفتوگۆیەك بێ ناوبژیوانی لایەنی سێیەم جا ئەمریكا، یان نەتەوە یەكگرتووەكان، یان یەكێتیی ئەورووپا لەگەڵ بەغدا ناكەین".










باسنیوز
Top