مەعسووم داوایەکی پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی و گرووپە خیانەتکارەکە ڕەت دەکاتەوە

 مەعسووم داوایەکی پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی و گرووپە خیانەتکارەکە ڕەت دەکاتەوە
بەهۆی هەوڵەکانیان بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو خیانەتەی لە 16ی ئۆکتۆبەردا کردوویانە و ئێستاش جێبەجێی دەکەن، گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵ دەدات فەوجەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە کێشەکانی کەرکوووکەوە بگلێنێت، فواد مەعسوومیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.



شوان داودی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کە بە ئاشکرا بانگەشە بۆ خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر و ڕووداوەکانی دواتر دەکات، لە ماڵپەڕی (هەواڵ)دا کە هی خۆیەتی، هەواڵێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاشکرای کردووە، دوای رووداوەکانی کەرکووک و خورماتوو، پێشنیاری ھاتنی فەوجەکانی سەر بە لیواکانی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ هەردوو شارەکە کراوە.



ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لە 30/10/2017 لە لایەن باڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگییەوە پێشنیازەکە ئاراستەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە و ئەویش بە پێشنیارەکە رازی بووە، بەڵام فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق ئامادە نییە فەرمانەکە قەبوڵ بکات.



شوان داودی گوتوویەتی: ”ئەو ھەڵوێستەی سەرۆک کۆمار کە خۆی کورد و یەکێتیشە، جێگەی نیگەرانییە”. بە ناوی ماڵپەڕەکەشیەوە ئەوەی بڵاو کردووەتەوە کە لەم ماوەیەدا د. فوئاد مەعسوم خۆی لە بینینی بەرپرسە کوردەکانی کەرکووک دەدزێتەوە کە بۆ ئەو پرسە دەیانەوێت سەردانی بکەن.



شوان داودی دەڵێت: ”ئاسۆ مامەند، لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی داوای لە سەرۆک کۆماری عێراق کردووە بێتە کەرکووک، بەڵام دکتۆر فوئاد ئامادە نییە بێتە کەرکووک“.



بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، فوئاد مەعسووم، سەرۆک کۆماری عێراق نایەوێت بچێتە ژێر باری هەوڵ و داواکارییەکانی گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی و هێزەکانی لەو خیانەتەوە بگلێنێت، بۆیە ئامادە نییە پێشنیازەکە جێبەجێ بکات.





ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.




باسنیوز
Top