ڕێبوار تاڵەبانی: لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکدا باسی گۆڕینی پارێزگار ناکرێت
ئەمڕۆ شەممە 18/11/2017، ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕاگەیاند: بڕیارمان داوە ڕۆژی سێشەممەی داھاتوو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجام بدەین و بۆ ئەو مەبەستەش ھەر سێ لیستەکەی ناو ئەنجومەنی پارێزگا ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام ھێشتا بڕیاری ئەوە نەدراوە کۆبوونەوەکە لەکوێ ئەنجام بدەین، بۆ ئەوەش چاوەڕوانی ڕێککەوتنێکین لە نێوان ھەرسێ لیستەکە، تاوەکوو شوێنی کۆبوونەوەکە دیاری بکرێت".
لەسەر دەنگۆی ئەوەی کە گوایە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی پارێزگاکە لە کەرکووک ئەنجام دەدرێت، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرای کرد: "ھێشتا بڕیار لەسەر ئەوە نەدراوە، بەڵام سێ لیستەکەی ناو ئەنجومەن ھەر بڕیارێک بدەن و لە بەرژەوەندیی کەرکووکدا بێ، من جێبەجێی دەکەم".
لەبارەی گفتوگۆکردن بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ڕێبوار تاڵەبانی گوتی: ”لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەدا تەنیا باسی ڕەوشی کەرکووک و ئارامبوونەوەی شارەکە دەکرێت و باسی گۆڕینی پارێزگاری کەرکووک ناکرێت".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
