شەوی رابردوو حەشدی شەعبی چەکی دۆشکەی بەرامبەر خەڵکی کەرکووک بەکار هێنا
عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كەركووك- گەرمیان، ڕاگەیاند: "میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك، بەردەوام شەڕ بە خەڵك دەفرۆشن، وەك كاردانەوەیەك، ژمارەیەك لە گەنجانی خۆبەخش ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و بە دیاریكراوی لە نزیك ناوچەی "سونگولی" شەڕەكە ڕووی دا و ئەو شەڕە پەرەی سەندووە و تا گەیشتووەتە دەوروبەری بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی لە كەركووك".
كەركووكی ئەوەشی ڕاگەیاند: "بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی لە كەركووك، هێزە میلیشیاییەکانی تێدایە و ئەو هێزە بە دۆشكە تەقەیان لە خۆبەخەشەكان كردووە و پاشان تەقەیان بەسەر ماڵانیشدا كردووە".
عەدنان كەركووكی لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاشكراشی كرد: "لە ئەنجامی ئەو شەڕانەدا كوژراو و بریندار هەیە و ئێستا حەشدی شەعبی لەنێو فڕۆكەخانەی سەربازیی كەركووك بنكەیەكی تەندروستیی كاتییان داناوە بۆ خۆیان و كوژراو و بریندارەكانیان دەگوازنەوە بۆ ئەو بنكەیە".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خيانەتكارانی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
