د. موسەنا ئەمین: عەبادی بە ڕشتنی خوێنی ھاووڵاتیانی کورد تاوانبارە

د. موسەنا ئەمین: عەبادی بە ڕشتنی خوێنی ھاووڵاتیانی کورد تاوانبارە



سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق تاوانبارە بە ڕشتنی خوێنی ھاووڵاتیانی کورد، ئەگەر دەسەڵاتێکی دیموکراسی ھەبوایە، عەبادی دادگایی دەكرا.


ئەمڕۆ هەینی د. موسەنا ئەمین رایگەیاند "ھێرشە سەربازییەکانی حکومەتی عێراق بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، دژی بنەماکانی دەستوورە و ماوەیەکە عەبادی دژی دەستووری عێراق دەجوڵێتەوە".


د. موسەنا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەشی بەوە دا كە گوشارەکانی حەیدەر عەبادی بۆ سەر ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، بە تایبەتی داگیرکردنی بەشێکی زۆر لە خاکی ھەرێمی کوردستان، لەلایەن سوپای عێراق و کوشتنی خەڵکی سڤیل نایاساییە و لەگەڵ دەستووری عێراقدا ناگونجێ.


گوتیشی "عەبادی بەھۆی ھێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، کارەساتێکی مرۆیی گەورەی خوڵقاندووە و بە ھەزاران خێزانی کورد ئاوارە بوون، بۆیە ھەڕەشەکانی عەبادی بۆ سەر ھاووڵاتیانی ھەرێم بە ئاشکرا خۆی لە دژی دەستوری عێراق دەبینێتەوە، چونکە لە خاڵێکی دەستووردا بە ڕوونی باس لەوە کراوە، نابێ ھێزی سەربازی لە ململانێ سیاسییەکاندا بەکاربھێندرێ".


ئاماژەی بەوەش دا بوونی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و مامەڵەی خراپیان بەرامبەر بە ھاووڵاتیانی کوردستان، دژی دەستووری عێراقە، ھەروەھا برسیکردنی خەڵکی کوردستان، کە ئێستە داھاتی نەوتی کەرکووک لەژێر ڕکێفی حکومەتی عێراقە، ئەمەش دژی دەستوورە، بۆیە زۆربەی مامەڵەکانی حکومەتی عێراق لەگەڵ دەستوردا تەبا نییە.


سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی باسی لەوەش کرد "حەیدەر عەبادی، تاوانبارە بە خوێنی ھاووڵاتیانی کورد، بە داخەوە تا ئێستە سیستەمێکی دیموکراسی لە دادگاکانی عێراقدا بەدی ناکرێ، بۆ ئەوەی عەبادی، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکات، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتێکی دیموکراسی ھەبوایە لەسەر ئەو تاوانەی لە کەرکووک و دوزخورماتوو ڕوویان داوە، دەبوایە پەرلەمانی عێراق، لێپرسینەوەی لە عەبادی بکردایە چونکە کوشتنی خەڵکی مەدەنی تاوانە و پێویستە بکەرانی ھەر تاوانێک سزا بدرێت.

bas news-
Top