مەسروور بارزانی و برێت مەکگۆرک: دانوستاندن رێگەچارەی کێشەکانە

 	 مەسروور بارزانی و برێت مەکگۆرک: دانوستاندن رێگەچارەی کێشەکانە
(مەسروور بارزانی) و (برێت مەکگۆرک) جەخت لە بەردەوامی و بەهێزکردنی پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا دەکەنەوە و گفتوگۆ و دانوستاندن بە رێگەچارەی کێشەکان دەزانن.

ئەمڕۆ هەینی ١٧-١١-٢٠١٧ (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ (برێت مەکگۆرک) نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شەڕی دژ بە داعش کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا (برێت مەکگۆرک) لە پەیوەندی بە دوا پەرەسەندنە سەربازی و گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاندووە، کە ئەمریکا هەرجۆرە پەنابردنێک بۆ کرداری سەربازی لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان رەتدەکاتەوە و هەموو هەوڵ و تواناکانیشی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی گرژییەکان بڕەوێنرێنەوە و هەردوولا دەست بە گفتوگۆ بکەن، بۆ ئەوەی بە شێوازێکی ئاشتیانە و لەسەر بنەمای دەستوور کێشەکانیان چارە بکەن.

‎هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا (برێت مەکگۆرک) هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستوری دووپاتکردەوە و گوتی، خوازیارن هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە هێزەوە لەچوارچێوەی دەستوور لە گشت بوارەکاندا لە پێشکەوتن بەردەوام بێت و جەختیشی لە هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کردەوە.
(مەسروور بارزانی) وێڕای جەختکردنی لە بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان هەمیشە بڕوای بە رێگەچارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەسەریی کێشەکان لە ناوچەکەدا و ئێستاش خوازیارە دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەرچی زووترە بۆ ئاستی ئیداری و سیاسی بگوازرێنەوە.

هەروەها راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەدان بە دوا گرژییە سەربازییەکان گوتی ، جێبەجێکردنی دەستوور بە ئامڕازە نادەستوورییەکان ناکرێت، بەڵکو بە گفتوگۆ و دانوستاندنی راستەوخۆ و لەیەکگەیشتن دەتوانرێت چارەی گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزرێنەوە.
kdp-
Top