مەسرور بارزانی: بە لێک تێگەیشتن و دانوستانی ڕاستەوخۆ کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر دەبن

 مەسرور بارزانی: بە لێک تێگەیشتن و دانوستانی ڕاستەوخۆ کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر دەبن
ئەمڕۆ هەینی مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە برێت مەکگورک نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەنگی دژ بە داعش کرد.

‎لە میانەی دیدارەکەیاندا برێت مەکگورک لەبارەی دواپەرەسەندنە سەربازی و گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕای گەیاند کە ئەمەریکا هەر جۆرە پەنابردنێک بۆ کرداری سەربازی لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان ڕەت دەکاتەوە و هەموو هەوڵ و تواناکانیشی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی گرژییەکان بڕەوێنرێنەوە و هەردوو لا دەست بە گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی بە شێوازێکی ئاشتیانە و لەسەر بنەمای دەستوور کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

‎برێت مەکگورک هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستووری دووپات کردەوە و گوتی خوازیارن هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە هێزەوە لە چوارچێوەی دەستووردا لە گشت بوارەکاندا لە پێشکەوتن بەردەوام بێت و جەختیشی لە هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئەمەریکا کردەوە.

‎لە میانەی دیدارەکەدا مەسرور بارزانی وێڕای جەختکردنی لە بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان هەمیشە بڕوای بە ڕێگەچارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەسەریی کێشەکان لە ناوچەکەدا و ئێشتاش خوازیارە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەرچی زووتر بۆ ئاستی ئیداری و سیاسی بگوازرێنەوە.

ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ئاماژە بە دوا گرژییە سەربازیەکان گوتی جێبەجێکردنی دەستوور بە ئامرازە نادەستورییەکان ناکرێت، بەڵکوو بە گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەوخۆ و لەیەک گەیشتن دەتوانرێت چارەسەریی گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزرێنەوە.









باسنيوز
Top