ڕەخنە لە بێدەنگیی هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی و بەرپرسێکی گۆڕان بەرامبەر هاتنی هێزێکی پاسداران دەگیرێت
ھێمن نوری، بەرپرسی کۆمیتەی خورماتووی حزبی شیوعیی کوردستان، راگەیاند: "ھێزێکی نەناسراو ھاتووەتە چەند گوندێک، یەک لەو گوندانە دەکەوێتە سنووری شارەدێی زینانە، شایەتحاڵەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە دەوروبەری گوندەکەن".
ئەو بەرپرسەی حزبی شیوعی ئەوەشی روون کردەوە کە ئەو چەکانەی بە دەستیانەوەیە، بە پێی زانیارییەکانی ئەوان، تەنیا چەکی سووکە، ئۆتۆمبێلی (پیکاب) و ماتۆڕسکیلیان پێیە. گوتیشی: "ڕێژەی ھێزەکەش ھێشتا بەتەواوی ڕوون نییە، بەڵام ھێزەکە کەم نییە و نزیکەی 500 چەکدار دەبن، چونکە ناوچەکە گەروە نییە تا ئەو ڕێژە زۆرە بگرێت".
ھێمن نوری ئاماژەی بەوەش دا، کە دوێنێ چوارشەممە 15/11/2017، سەردانێکی مەیدانییان بۆ شوێنەکە کردووە، ھێزی پێشمەرگەی سەر بە یەکەی 70ی یەکێتی لێیە و دوو فەوجی پێشمەرگە لە سنووری شارەدێی زینانە ھەیە. دەشڵێت: "جگە لەوە، ئەو شارەدێیە خۆی بنکەی ئاسایشی لێیە، پرسیارەکە ئەوەیە ئەو ھێزانە بۆ بەبێ دەنگی بۆ سنووری شارەدێی زنانەی سەر بە شارۆچکەی کفری کە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتدایە، ھاتوون؟".
بە گوتەی ئەو، پێ ناچێ ئەو ھێزە بەبێ ئاگاداریی لایەنی پەیوەندیدار یان ئەو لایەنەی کە دەسەڵاتی لەو سنوورەدا ھەیە، ھاتبێتە ئەو شوێنە. گوتیشی: "لایەنی پەیوەندیدار بەڕێوەبەری شارەدێکەیە کە گۆڕانە و دەسەڵاتی ھەیە، تائێستا ھیچ ڕوونکردنەوەیەکی بۆ لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانیش نەداوە، کە ئەم ھێزە کێن و لە کوێوە ھاتوون؟دەگوترێ کۆپتەر دێت و دەنیشێتەوە، ئەمەش شایەتحاڵەکان و خەڵکی سنوورەکە بینیویانن، ھێزە ئەمنییەکانی ئەم ھەواڵانە پشتڕاست دەکەنەوە".
هەر لەمبارەیەوە ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خورماتوو، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ھێزێکی نەناسراوە کە کورد و عەرەب و تورکمانیشی تێدایە، لە گوندی پەلکانە، شۆراو تا دەگاتە قومبەڵک بوونیان ھەیە، ھەروەھا ئەو ھێزە ھاتوچۆیان لە نێوان گوندەکانی داودە تا ئەو چیایەی بەسەر سلێمان بەگدا دەڕوانێ، ھەیە".
جەختیشی لەوە کردەوە کە سەربازگەیەکیان دروست کردووە، پێش سێ ڕۆژ پێکدادانێک لە نێوان ئەو ھێزە نەناسراوەی ھاتووەتە سنووری شارەدێی زینانە و ئاسایشی یەکێتی ڕووی داوە، بەو ھۆیەوە کەسێک لەوان کوژراوە و ”ئاسایشێکیش بە ناوی (عەلی خورشید) بریندار بووە".
ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە خەڵکی سنوورەکە و تەنانەت ھێزە کوردییەکانیش لە دڵە ڕاوکێدان، ھەروەھا ”جووڵە نەکردنی ئاسایش و دژە تیرۆر لە سنوورەکەدا و بێدەنگیان گومانی دروست کردووە".
پێشتر هاووڵاتی کاروان مەحمود، دانیشتووی شارەدێی (زینانە)ی سەر بە شاری کفری ڕاگەیاند: ”ڕۆژی شەممە 11/11/2017، بینیم شەش هەلیکۆپتەری سەربازی لە نزیک زینانە بۆ ماوەیەک نیشتنەوە و دوو هەلیکۆپتەریش لە ئاسمان مانەوە و چاودێری دەکردن، پاشان هەڵسان و ڕۆشتن“. باسیشی لەوە کرد کە هەرچەندە بینینی هەلیکۆپتەرەکان دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردووە، بەڵام نەیانزانیوە هۆکاری جموجۆڵەکە چی بووە.
ئاماژەشی بەوە کرد کە هەمان ڕۆژ، دوو هەلیکۆپتەریان بینیوە کە لە نزیک گوندی (پەلکانە)ی سەر بە شارەدێی زینانە نیشتوونەتەوە.
کاروان مەحمود ئاماژەشی بەوە کرد، ئێستا لە ناوچەکەیان دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە کە سەدان چەکدار لە لایەن کۆپتەرەکانەوە لە سنوورەکەیان دابەزێندراون، بەڵام نازانن چەکداری سەر بە کام هێزن.
لەلایەن خۆیەوە زەینەڵ عەزیز، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی کفریی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، بەپێی زانیارییەکانیان، 300 چەکدار لە گوندی (پەلکانە)ی سنووری شارەدێی زینانە لەلایەن ژمارەیەک هەلیکۆپتەرەوە دابەزێندراون و بە بەردەوامیش هەلیکۆپتەر چاودێریی ئاسمانی ناوچەکە دەکات، بەڵام ”نازانین ئەو فڕۆکانە سەر بە کوێن؟“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”چەکدارەکان پێیان دەگوترێ (جەماعەتی ئازادی)“.
هەر لەبارەی ئەو فڕۆکانەوە، پێگەی (بەغداد پۆست) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ئەوەی ئاشکرا کردووە کە زانیارییان هەیە، 6 هەلیکۆپتەر لەم هەفتەیەدا سەدان چەکداری فەیلەقی (قودس)ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان بۆ سنووری شارەدێی (زینانە) لە شاری کفری گواستووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو پێگەیە، هەرچەندە لە سەرەتادا ناکۆکی لە نێوان چەکدارەکان و هێزەکانی ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕووی داوە، بەڵام دواتر “لەسەر فەرمانی لاهور جەنگی، بڕیار دراوە ئاسایش ڕووبەڕوویان نەبێتەوە”.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ڕۆژانە لانی کەم 2 هەلیکۆپتەری سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە سنوورەدا دەنیشتنەوە.
بوونی ئەو هێزانە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
bas news-
