خورماتوو.. حەشدی شەعبی ماڵی کوڕە ئەنفالکراوێکی کەمئەندام دەسوتێنن
میلشیاکانی حەشدی شەعبی، لە گەڕەکی کۆماریی کوردنشینی شاری خورماتوو، خانووی کوڕە ئەنفالکراوێک کە ھاوکات کەمئەندامە بە ناوی زانیار داودی، سووتاند.
زانیاری داودی، کوڕە ئەنفالکراوێکی کەمئەندامە، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، وێنەی خانووەکەی بە سووتاوی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "ئەویش ماڵە بێنازەکەم، خوایە گیان بۆ خاتری ناوە جوانەکانت، ئەوەی بووە ھۆی سووتاندنی ماڵەکەم، لەمن خراپتری بە سەر بھێنیت، ئیتر ھیچ ناڵێم، چونکە فرمێسک ڕیگەم نادات ھیچی تر بنووسم".
پێشتر، کاوە مەلا پەروێز، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، ڕاگەیاندبوو: "میلشیاکانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو زیانیان بە ھەزار و 500 خانووی ھاووڵاتییانی کوردی شارەکە داوە، زیانەکانیش بریتین لە سووتاندن، بە تاڵانبردن و تەقاندنەوەی خانووی ھاووڵاتییان".
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بەچاوساخیی گرووپێکی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبولڵای لوبنانی، بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران ھێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورەیان داگیر کرد و ھەزاران ھاووڵاتیی روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد.
bas news-
