ھەڵەبجە ھاوخەمی بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەردەبڕێت

ھەڵەبجە ھاوخەمی بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەردەبڕێت


ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە(١٦/١١/٢٠١٧) ، چین و توێژەکانی ھەڵەبجە، لە سەر مەزاری شەھیدانی شارەکە، گردبوونەوەیەکی ھاوخەمییان ساز کرد و تێیدا کەمپینێکیان بۆ کۆکردنەوەی ھاوکاری بۆ زیانلێکەوتوانی زەمین لەرزەکەی باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند.



فەرھاد قادر، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕێکخراوەکانی ھەڵەبجە، ڕاگەیاند: "وەک ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجە و چین و توێژەکانی ھەڵەبجە، لەسەر مەزاری شەھیدانی ھەڵەبجە گردبوونەوەیەکمان وەک پرسە و ھاوخەمی بۆ زیانلێکەوتوانی زەمین لەرزەکەی چەند شەوی ڕابردووی باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان ئەنجام دا، ویڕای خوێندنی نوێژی مرد و بە غیابی بۆ مردووانی ئەو کارەساتە، کەمپینێکیشمان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و ھاوکاری بۆ زیانلێکەوتوانی ئەو کارەساتە ڕاگەیاند".



سەرۆکی ئەنجومەنی ڕێکخراوەکانی ھەڵەبجە، ئەوەشی خستە روو، کە کەمپینەکەیان لە ئیستا لە ناو ھەڵەبجە دەستی بە کۆکردنەوەی ھاوکارییەکان کردووە و ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بەڵام لە قۆناغی یەکەم تەنھا ھاوکاریی مادی کۆدەکەنەوە و دواتریش بڕیار دەدەن بۆ کۆکردنەوەی کەلوپەل و شمەک.



ئاشکراشی کرد، کە لە ھەڵەبجە چەند بنکەیەکی کۆکردنەوەی ھاوکاری دەکەنەوەو دوای ئەو ماوەیەی کە دانراوە بۆ کۆکردنەوەی ھاوکارییەکان، ھاوکارییەکان دەگەیەننە دەست زیانلێکەوتووان و لێقەوماوان لە شارەدێی بەمۆی سەر بە پارێزگای ھەڵەبجە لە باشووری کوردستان، سەرپێڵ و کرماشان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان".
bas news-
Top