د. تارق گەردی: بەغدا نەرمیی نواندووە بۆ چارەکردنی پرسەکان لەگەڵ ھەرێم
دکتۆر (تارق گەردی)، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لەم یەک دوو ڕۆژەی ڕابردوودا نەرمینواندنێک لە ھەڵوێستی ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا بەدی دەکرێت بە ئاراستەی چارەکردنی کێشەکان، ئەگەر عێراق نەرمی نەنوێنێت، چی دەکات، ئەمڕۆ ھەرێمی کوردستان دەبینی ھەڵوێستی خۆی پێشان داوە بۆ چارەکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، ئەگەر عێراق لەوە زیاتری بوێت ئەوکات فێلمان لێ دەکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەوە لە دەسەڵاتدارانی بەغدا قبووڵ ناکات.''
ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی ڕوونی کردەوە: ''کۆتلە سیاسییەکانی دیکەی عەرەبی سوننە و شیعەش پێشوازییان لە دوایین بەیاننامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە، کە ئەمەش پێم وا نییە تەنازولکردنە بەرامبەر بە عێراق، بەڵکو جۆرێکە لە سیاسەت و چوونە پێشەوە بە مەبەستی چارەکردنی کێشەکان بە ئاشتییانە، لە دانوستاندا ھەردەم وابووە پێویستە شتێک لەدەست بدەی بۆ بەدەستھێنانی شتی دیکە، ئێمەش وەک ھەرێمی کوردستان کە دەمانەوێ ھەندێ لە مافەکانمان بەدەست بێنین، پێویستی بە ڕێگەی دانوستان ھەیە.''
ساڵانی ڕابردوو بە ھۆی یەکدەنگی کوتلە کوردستانییەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کورد ھەم پێگەی بەھێز بوو لە بەغدا، ھەمیش دەستکەوتی باشی بۆ گەلی کوردستان بەدەست ھێنا، لەبارەی ناکۆکی و ھەڵوێستی جیا لە نێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکاندا، دکتۆر (تارق گەردی) دەڵێت: ''بێگومان پێشتر کە ئێمە کوتلە کوردستانییەکان یەکدەنگ و یەکپارچە بووین، ھەموو شتێکمان بۆ دەچووە سەر، بەڵام ئێستا بە ھۆی ناکۆکیی نێو کوتلە کوردستانییەکان وەک پێشتر نەماوە و بەڵێ بەغدا کەڵکی لەو کەلێنە وەرگرتووە، کە لە نێوانماندا ھەیە.''
kdp-
