د. سەباح بەرزنجی: نابێ خۆمان بەرانبەر بەغدا بە لاواز بزانین
(د. سەباح بەرزنجی)، کەسایەتیی ئیسلامی، كە پێشتر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بووە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێویستە دانوستانەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا بەڕێوە بچن و نێوەندگیرییەکی متمانەپێکراوی نێودەوڵەتیش ھەبێت، بۆ بەڕێوەچوونی ھەموو دانوستانێکی نێوان ھەرێم و بەغدا، چونکە تا ئێستا نەمانبینی بەغدا ھەنگاوێک لەبارەی ھەرێمی کوردستانەوە بێتە پێشەوە، ھەموو ئەو بەڵێنانەی حکوومەتی بەغدا دەیاندا، تەنھا کات دەکوژێت، ئەوەتا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەند ھەنگاوێک چووەتە پێشتەوە لە داواکارییەکانی بەغدا، ئێستا نۆرەی بەغدایە بێتە پێشەوە و پابەندبوونی خۆی بەرامبەر بە حکوومەت و گەلی کوردستان جێبەجێ بکات.''
لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە بەردەوام بەغدا پابەندی ڕێککەتن و بەڵێنەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان نەبووە، بە پێچەوانەوە کورد ھەمیشە داوای جێبەجێکردنی دەستوور و داوای ڕێککەوتن و تەوافوقی بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکان کردووە. ئەو کەسایەتییە ئیسلامییە دەڵێت: ''بڕوام وایە پێویستە کورد بە یەک تیم سەردانی بەغدا بکەن و خۆیان بە لاواز پێشانی بەغدا نەدەن، چونکە ئێمە ڕاستە وەک ھەرێمی کوردستان لە ھەندێ شوێن پێگەمان لەدەست داوە، بەڵام ئێمە ھەڵوێستمان لەدەست نەداوە، ھەڵوێستمان نەدۆڕاندووە و ھەڵوێستی کورد ھەڵوێستێکی شەریفانەیە و بەرگری لە مافی خۆی دەکات، بە پێی دەستوور و یاسای عێراق خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھەموو مافێکیان ھەیە و دەبێ مووچە و بوودجەیان پێ بدرێت.''
(د. سەباح بەرزنجی) دەشڵێت: ''ئەگەر ڕاستە با بەغدا نیەتی خۆی پێشان بدات لە پێدانی مافەکانی خەڵکی کوردستان. ئەوکات ئێمەش فشار دەخەینە سەر حکوومەتی خۆمان بۆ ئەوەی پابەند بێت بەو مەرجانەی لە سەری ڕێک دەکەون، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەرمیی پێشان داوە، بەداخەوە بەغدا وەک پێویست نەھاتووەتە پێشەوە.''
kdp-
