ھەولێر.. ھاووڵاتییەک بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆوە گیانی لەدەست دا
فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر، لە ھەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)دا وێنەی ڕووداوێکی ھاتوچۆی بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: "کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/11/2017، لەسەر شەقامی 120مەتریی ھەولێر، پیکابێکی دەبل بەھۆی تیژڕەوییەوە، کۆنتڕۆلی لەدەست دا و خۆی بە شۆستەی شەقامەکەدا کێشا".
باسی لەوەش کردووە: "لەو شوێنە و لەم کاتەدا، شوفێری تەکسییەک وەستابوو بۆ پشوودان و لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزی بوو، پیکابەکە خۆی پیادا کێشا و شوفێری تەکسییەکەی بۆ چەند مەترێک بەرز کردەوە و کێشای بەڕووی شەقامەکەدا، لەدوای گەیاندنی شوفێری تەکسییەکە بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر: "ھەر لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا کوڕی شوفێری پیکابەکە، کە وەکوو سەرنشین سەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتبوو، ئەویش زامدار بوو".
دەشڵێت: "ئەوەی لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە، لەوانەیە ھۆکاری لەدەست وەرگرتنەکە و ھۆکارەکەش بۆ نوستنی شۆفێرەکە بگەرێتەوە، چونکە لە شوێنەکە ھیچ گۆڕانکارییەک لە ڕووی ڕێگایەکە، یان دەوروبەرەکە، نییە".
باسنيوز
