ھەولێر.. ھاووڵاتییەک بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆوە گیانی لەدەست دا

 ھەولێر.. ھاووڵاتییەک بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆوە گیانی لەدەست دا
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر ئاشکرای کرد، کە ھاووڵاتییەک بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆوە، گیانی لەدەست داوە.

فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر، لە ھەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)دا وێنەی ڕووداوێکی ھاتوچۆی بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: "کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/11/2017، لەسەر شەقامی 120مەتریی ھەولێر، پیکابێکی دەبل بەھۆی تیژڕەوییەوە، کۆنتڕۆلی لەدەست دا و ‌خۆی بە شۆستەی شەقامەکەدا کێشا".

باسی لەوەش کردووە: "‌لەو شوێنە و لەم کاتەدا، شوفێری تەکسییەک وەستابوو بۆ پشوودان و لە ‌ئۆتۆمبێلەکەی دابەزی بوو، ‌پیکابەکە خۆی پیادا کێشا و ‌شوفێری تەکسییەکەی بۆ چەند مەترێک بەرز کردەوە و ‌کێشای بەڕووی شەقامەکەدا، ‌لەدوای گەیاندنی شوفێری تەکسییەکە بۆ نەخۆشخانە،‌ گیانی لەدەست دا".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر: "ھەر لە ‌ئەنجامی ڕووداوەکەدا کوڕی شوفێری پیکابەکە، کە وەکوو سەرنشین سەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتبوو، ئەویش زامدار بوو".

دەشڵێت: "‌ئەوەی لە ‌لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە، ‌لەوانەیە ھۆکاری لەدەست وەرگرتنەکە و ھۆکارەکەش بۆ نوستنی شۆفێرەکە بگەرێتەوە، چونکە لە ‌شوێنەکە ھیچ گۆڕانکارییەک لە ڕووی ڕێگایەکە، یان دەوروبەرەکە، نییە".









باسنيوز
Top