مەڵبەندی یەکێتی بۆ هاووڵاتییانی کەرکووک: هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی حەشدی شەعبی بکەن

 مەڵبەندی یەکێتی بۆ هاووڵاتییانی کەرکووک: هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی حەشدی شەعبی بکەن
مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک داوای هاوکاریی لە هاووڵاتییانی شارەکە دەکات و پێیان رادەگەیەنێت، هەر شتێکی نامۆیان بینی، هێزە ئەمنییەکانی حەشدی شەعبی ئاگادار بکەنەوە.

رۆژی چوارشەممە 15/11/2017، فەرماندەیەکی هێزە ئەمنییەکان، کە حەشدی شەعبی لە کەرکووک دایمەزراندووە، غازی کەرکووکی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووک و عەلی قەڵایی، کارگێڕی مەڵبەند سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکیان کردووە، کە بۆ هاووڵاتییان و موختارەکانی کەرکووک ئەنجام دراوە.

کۆبوونەوەکە لە گەڕەکی پەنجا عەلی ساز کراوە و تێیدا غازی عەلی داوای لە هاووڵاتییان کردووە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان بکەن و ”هەر شاتێکی نامۆتان بینی، ئاگاداریان بکەنەوە“.

ئەو داوایەی جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی لە کاتێک دایە، کە حەشدی شەعبی شارەکەی داگیر کردووە و دەستی بە سووتاندن و تەقاندنەوەی ماڵە کوردەکانی شارەکە کردووە.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، بەچاو ساخیی گروپێكی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سوپای عێراق، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان كردە سەر خورماتوو و كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی ئەو سنوورەیان داگیر كرد و هەزاران هاووڵاتیی روویان لە هەرێمی كوردستان كرد.

رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، كۆسرەت رەسول، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند، كە چەند (كاڵفام)ێكی ناو حزبەكەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی كوردستان جێبەجێ كرد و ڕای گەیاند: "ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و هەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەوییەكانی تری گەلەكەمان دەكەوێتە ئەستۆی ئەو كاڵفامانەی ناو یەكێتیی".

حەشدی شەعبی لە نزیكەی 67 میلیشیای شیعە مەزهەبی عێراق پێك دێت، بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 لە لایەن چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دروست بووە.









باسنیوز
Top