دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھاوکاریی 500 خێزانی ئاوارەی کەرکووک دەکات

 دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھاوکاریی 500 خێزانی ئاوارەی کەرکووک دەکات
لە ماوەی ھەفتەیەکدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سێھەمین کاروانی ھاوکارییەکان دەگەیەنێتە خێزانە ئاوارەکانی کەرکووک لە ھەولێر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/11/2017، تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سێھەمین کاروانی ھاوکارییان بە ھەماھەنگیی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی، گەیاندە 500 خێزانی ئاوارەی کەرکووک، کە لە بنەسڵاوەی سەر بە پارێزگای ھەولێر نیشتەجێ بوون.

ئیسماعیل عەبدولعەزیز، بەپرسی بەشی ھاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بەم چالاکییە ڕای گەیاند: "ئەمرۆ پێنجشەممە پێداویستییەکانی وەکوو بەتانی و پارسێلی خۆراک و پاکوخاوێنی پێشکەشی 500 خێزانی کەرکووک دەکەین، ھەروەھا ھاوکارییەکانمان بۆ خەڵکی لێقەوماو لە سەرتاسەری کوردستاندا بەردەوام دەبێت، ھەر ئەمڕۆ تیمەکانمان لە بەمۆ و دەربەندیخان چادر و پێداویستییان گیاندووەتە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکانی ئەم دواییە".

لە ماوەی ھەفتەیەکدا ئەمە سێھەمین کاروانی ھاوکارییەکانە، کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەیگەیەنێتە خێزانە ئاوارەکانی کەرکووک، کە بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە ناچاربوون ماڵ و ژیانی خۆیان بەجێ بھێڵن.











باسنيوز
Top