هێزێکی پاسداران بە کۆپتەر دەبرێتە نزیک خورماتوو و مەڵبەندێکی یەکێتی دێنێتە دەنگ

 هێزێکی پاسداران بە کۆپتەر دەبرێتە نزیک خورماتوو و مەڵبەندێکی یەکێتی دێنێتە دەنگ
بەرپرسێکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاشکرای کرد، هێزێکی سەربازی بە کۆپتەر ڕەوانەی ناوچەیەکی نێوان خورماتوو و کفری کراوە کە ئەو بە ”هێزێکی نەناسراو“ وەسفی کرد و ڕای گەیاند، سوپای عێراق نزیک هێزەکە نەکەوتوونەتەوە.



شوان محەمەد، ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کەرکووک، ڕاگەیاند: "لە گوندی پەڵکانەی سنووری شارەدێی (زینانە)، لەپاڵ چیای (سپی) کە ناوچەیەکی کوردستانییە و دەکەوێتە بەردەم قادر کەرەم و زینانە، ھێزێک بە کۆپتەر دابەزیون، بەڵام کەس زانیاری لەو بارەوە نییە“.



ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دوێنێ چوارشەممە 15/11/2017، مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا باسیان لەوە کردووە: ”ھێزێکی 400 کەسی لە فڕۆکەوە دابەزیونەتە سنووری خورماتوو، سوپای عێراق نزیکی ئەو ھێزە نەکەوتووەتەوە و ئێمەش بەپێویستمان نەزانیوە نزیکیان بکەوینەوە".



پێشتر هاووڵاتی کاروان مەحمود، دانیشتووی شارەدێی (زینانە)ی سەر بە شاری کفری، ڕاگەیاند: ”ڕۆژی شەممە 11/11/2017، بینیم شەش هەلیکۆپتەری سەربازی لە نزیک زینانە بۆ ماوەیەک نیشتنەوە و دوو هەلیکۆپتەریش لە ئاسمان مانەوە و چاودێری دەکردن، پاشان هەڵسان و ڕۆشتن“. باسیشی لەوە کرد کە هەرچەندە بینینی هەلیکۆپتەرەکان دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردووە، بەڵام نەیانزانیوە هۆکاری جموجۆڵەکە چی بووە.



ئاماژەشی بەوە کرد کە هەمان ڕۆژ، دوو هەلیکۆپتەریان بینیوە کە لە نزیک گوندی (پەلکانە)ی سەر بە شارەدێی زینانە نیشتوونەتەوە.



کاروان مەحمود ئاماژەشی بەوە کرد، ئێستا لە ناوچەکەیان دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە کە سەدان چەکدار لە لایەن کۆپتەرەکانەوە لە سنوورەکەیان دابەزێندراون، بەڵام نازانن چەکداری سەر بە کام هێزن.



لەلایەن خۆیەوە زەینەڵ عەزیز، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی کفریی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، بەپێی زانیارییەکانیان، 300 چەکدار لە گوندی (پەلکانە)ی سنووری شارەدێی زینانە لەلایەن ژمارەیەک هەلیکۆپتەرەوە دابەزێندراون و بە بەردەوامیش هەلیکۆپتەر چاودێریی ئاسمانی ناوچەکە دەکات، بەڵام ”نازانین ئەو فڕۆکانە سەر بە کوێن؟“.



ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”چەکدارەکان پێیان دەگوترێ (جەماعەتی ئازادی)“.



هەر لەبارەی ئەو فڕۆکانەوە، پێگەی (بەغداد پۆست) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ئەوەی ئاشکرا کردووە کە زانیارییان هەیە، 6 هەلیکۆپتەر لەم هەفتەیەدا سەدان چەکداری فەیلەقی (قودس)ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان بۆ سنووری شارەدێی (زینانە) لە شاری کفری گواستووەتەوە.



بەپێی زانیارییەکانی ئەو پێگەیە، هەرچەندە لە سەرەتادا ناکۆکی لە نێوان چەکدارەکان و هێزەکانی ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕووی داوە، بەڵام دواتر “لەسەر فەرمانی لاهور جەنگی، بڕیار دراوە ئاسایش ڕووبەڕوویان نەبێتەوە”.



ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ڕۆژانە لانی کەم 2 هەلیکۆپتەری سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە سنوورەدا دەنیشتنەوە.



بوونی ئەو هێزانە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.





باسنیوز
Top