سەعد حەریری و خێزانەکەی روودەکەنە وڵاتێکی ئەوروپی

 سەعد حەریری و خێزانەکەی روودەکەنە وڵاتێکی ئەوروپی
سەرۆک وەزیرانی دەست لەکارکێشاوەی لوبنان لەگەڵ خێزانەکەی دەچێتە وڵاتێکی ئەوروپی و کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزی) کاتەکەی ئاشکرا دەکات.



بەپێی زانیارییە بڵاو کراوەکان، سەرچاوەیەک لە ئێلیزی رایگەیاندووە، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و سەعد حەریری، سەرۆک وەزیرانی دەست لەکارکێشاوەی لوبنان کردووە.



هەروەک ئەو سەرچاوەیە بڵاوی کردووەتەوە، ”لە چەند رۆژی داهاتوودا“ سەعد حەریری لەگەڵ خێزانەکەی لە سعودیەوە دەچێتە فەرەنسا، لە کاتێکدا پێش چەند رۆژێک حەریری رایگەیاندبوو، کە لە دوو رۆژی داهاتوودا دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی.



بەرپرسانی باڵای لوبنان باس لەوە دەکەن، کە سەعد حەریری لە سعودیە دەستبەسەر کراوە و دەست لەکار کێشانەوەکەشی لەژێر گوشاری سعودیە بووە.



رۆژی شەممە 4/11/2017، سەعد حەریری، سەرۆک وەزیران لوبنان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە ریازی پایتەختی سعودیە، دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند و هۆکارەکەشی بۆ دەستوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیدا، گەڕاندەوە.


باسنیوز
Top