گفتوگۆی مامۆستایان لەگەڵ بەغدا ڕەت دەکەنەوە

 	 گفتوگۆی مامۆستایان لەگەڵ بەغدا ڕەت دەکەنەوە
یەکێتیی مامۆستایان و لێژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان ڕەتی دەکەنەوە هیچ مامۆستایەک هەوڵ بدات، یان بیەوێت لە ڕێگای ڕاستەوخۆوە پێوەندی بە بەغداوە بکات، تا گرفتەکانیان چارە بکەن.

نوێنەری دەستەی ناڕازیی مامۆستایان پێشنیاریان کردووە، دەستەکەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆ بکەن، ئەمەش نیگەرانیی سەرجەم مامۆستایانی کوردستانی لێ کەوتەوە، چونکە پێیان وایە بەغدا لەو ڕێگایەوە دەیەوێت ناوماڵی کوردستان تێک بدات و ناتوانێت هیچ گەرەنتییەک بە مووچەخۆران بدات، (عەزیمە نەجمەدین)، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە ئاگاداری ئەو هەوڵە نین و هەر کەسێک بیکات لەگەڵی نین و بەبێ پرسی ئێمە بووە و ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەردوو حکوومەت گفتوگۆ بکەن و هیچ لایەنێک ناکرێت باز بەسەر حکوومەتدا بدات و بچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆ.''

بڕیاریشەوە سبەی پێنجشەممە ١٦\١١ یەکێتیی مامۆستایان لەو بارەوە ڕوونکردنەوەیەک بڵاو بکاتەوە، مامۆستا (ئەحمەد گەرمیانی)، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سبەی یەکێتیی مامۆستایان لەو بارەوە قسەی خۆی دەکات و ئێمە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو هەوڵە نین و ڕەتی دەکەینەوە و هەرشتێک هەبێت، دەبێ لە ڕێگای حکوومەتەوە بێت.''

هاوکات، (مەردان خدر)، ئەندامی لێژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموراتی کوردستان گوتی: ''حکوومەتی عێراق نایەوێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکات، ئێستا چۆن لەگەڵ چەند مامۆستایەک گفتوگۆ دەکات، گریمان ئەوەش کرا، دواتر چۆن لە دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچە دەدرێتە مامۆستایان؟ بۆیە ئەمە سەر ناگرێت و قبووڵکراویش نابێت.''

(مەردان خدر) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''هەر گرفتێک هەبێت، دەبێ لە چوارچێوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا چارە بکرێت، نەک هەر لایەنێک بۆ خۆی لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکات.'
kdp-
Top