پەرلەمانی کوردستان هۆشداری دەداتە بەغدا
هەروەك ئاشكرایە ڕۆژى ١٤/١١/٢٠١٧ ، (حەیدەر عەبادى)، سەرۆكوەزیرانی عێراق دوای كۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كۆمەڵێك بابەتی ورووژاند، كە مایەی هەڵوەستە لەسەركردنە، پەرلەمانی كوردستان كە نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان دەكات بە پێویستی دەزانێت بۆ دووركەوتنەوە لە زمانی هەڕەشە و دۆزینەوەى ڕێگەچارەی گونجاو لە نێوان هەردوولادا هەرچیی زووە دەرفەتی دانوستاندنى ڕاشكاوانە بڕەخسێندرێت و حكوومەتی فیدڕاڵی دوور بكەوێتەوە لە ڕاگەیەندراوی میدیایی و ڕاڤەكردنى تاكلایەنانەی ماددە دەستوورییەكان بەبێ وەرگرتنی ڕا و سەرنجی لایەنی هەرێمی كوردستان.
لەبەر ڕۆشناییی سەرجەم ئەو بڕیار و ڕاگەیەندراو و لێدوانە فەرمییانەی كە لە ماوەی ڕابردوودا لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاو كراونەتەوە، جەخت لەسەر یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكان كراوەتەوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، ئەمەش ئامادەییەكی ڕوون و ئاشكراى هەرێمی كوردستانە و پەرلەمانى كوردستانیش لە ڕاگەیەندراوی ڕۆژی ١٣/١١/٢٠١٧دا، ئەوپەڕی پشتیوانیی خۆی بۆ هەرچیی زووتر دەستپێكردنى دانووستاندنەكان دووپات كردووەتەوە و بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی لە هەر هەنگاو و ڕێكارێك دەكات، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە گونجاوی دەزانێت و سەرپشكی كردووە لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیی گەلی كوردستان و كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان.
بەڵام وەك لە بەشێكی لێدوانەكانی ڕۆژی ١٤/١١/٢٠١٧ى (عەبادی)دا دەبیندرێت، زمانی هەڕەشە و هەنگاوی یەكلایەنانە گومان دەخاتە سەر نیەتی فەرمیی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هێشتنەوەی دۆخەكە بەم جۆرەی ئێستا كە ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا و ڕێككەوتنە هاوبەشەكانە.
لەم ڕووەوە پەرلەمانی كوردستان هۆشداریی تەواوەتی دەدەین لە زیاتر دواخستنی دانوستاندنەكان و ئەو شێوازی هەڕەشانەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن، لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بەوەی خزمەت بە دۆخەكە و پابەندبوون بە دەستوور ناكات.
بنەمای لێكگەیشتنی هاوبەش لە چوارچێوەی دەستووردا تەنها دانوستاندنە بە شێوازێكی دۆستانە و ڕاشكاوانە لەگەڵ یەكتری، نەوەك تاكلایەنانە بڕیاردان.
بۆیە پێویست بوو حكوومەتی فیدڕاڵی لە بەرامبەر وەڵامی ئەرێنیی و دەستپێشخەرییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، كە لە ڕۆژى ١٤/١١/٢٠١٧، بە ڕوونی و نووسراوی فەرمی لە ڕاگەیەندراوی خۆیدا بڵاوی كردەوە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتگیریی كرد، هەڵوێستێكی ئەرێنیی تریان هەبوایە و دەرگا بۆ دانوستاندنەكان واڵا بكرابایە، كە ئەمەش خزمەت بە سەرەوەریی یاسا و پاراستنی دەستوور دەكات.
لە كۆتاییدا.. پەرلەمانی كوردستان جەخت دەكاتەوە مافەكانی گەلی كوردستان، كە لە دەستووری عێراقدا هاتوون، ڕوون و ڕەوایە و داكۆكییان لێ دەكەین و پێویستە پارێزراو بن. هەموو ڕێككەوتنەكانیش كە لە ڕابردوودا ئەنجام دراون لە نێوان هەردوولادا بەگشتی ببنە بنەمای دانوستاندنێكی بەرهەمدار، بە پێچەوانەوە هەروەك لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە، لە ڕۆژی ١٣/١١/٢٠١٧، بژاردەی كشانەوەى نوێنەرانی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق كراوەیە و پەرلەمانی كوردستان كۆدەنگیی بۆ دەستەبەر دەكات، ئەگەر حكوومەتی عێراق دەرفەتی دانوستاندن و لێكتێگەیشتنی هاوبەش نەدات لە چوارچێوەی دەستووردا.
kdp-
