پەرلەمانی کوردستان دوو مەرجی بۆ بەغدا دیاری کرد
سه‌عات 3:30 پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 15/11/2017، په‌رله‌مانی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی (د. جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكى)، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و (بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی)، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌شی دووه‌می دانیشتنی ژماره (5)ی ئاساییی خولى پایزه، ساڵى چواره‌م له خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنی ده‌ستی پێ كرده‌وه.
به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه به‌رده‌وامبوون بوو له‌سه‌ر گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ى پێشنیازكراوی بوودجه‌ی حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2018 و پشكی بوودجه‌ی هه‌رێم.
له دانیشتنه داخراوه‌كه‌دا، په‌رله‌مانتاران سه‌رنج و پێشنیازه‌كانی خۆیان له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ندی و پشكی 17%ى هه‌رێمیان له بوودجه‌ی گشتیی عێراق خسته ڕوو، هه‌روه‌ها هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و دارایی ڕاپۆرتی هاوبه‌شیان له‌باره‌ی گفتوگۆكانی پڕۆژه‌ى پێشنیازكراوی بوودجه‌ی حكومه‌تی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2018 و پشكی بوودجه‌ی هه‌رێم خسته به‌رده‌م په‌رله‌مان.
دوای ته‌واوبوونی گفتوگۆكان، له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و دارایی، په‌رله‌مانی كوردستان چه‌ند ڕاسپارده‌یه‌كی به زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرد، كه له دوو به‌ش پێكهاتووه و به‌شی یه‌كه‌می تایبه‌ته به پرسه ده‌ستووری و یاساییه‌كان و، به‌شی دووه‌میشی تایبه‌ته به لایه‌نی داراییه‌وه، كه له كۆی ڕاسپارده‌كان هاتووه؛ له ڕووی ده‌ستوورییه‌وه شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌رێم به پێی ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌ی بوودجه‌ی گشتیی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 ناكۆكه له‌گه‌ڵ بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان و به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ مادده‌كانی (1،2،4،9،10,7،31،117،121)ى ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ ساڵی 2005. له ڕووی داراییشه‌وه هاتووه: داوا كراوه حكوومه‌تی عێراق به‌شه بوودجه‌ی هه‌رێم له 12,67% ه‌وه بكاته‌وه 17%، ئه‌گه‌رنا كار به بژارده‌ی دووه‌م بكرێت، كه 12,67% له كۆی گشتیی بوودجه‌ی عێراق بۆ هه‌رێم خه‌رج بكرێت، به‌بێ لێده‌ركردنی خه‌رجییه سیادییه‌كان، ئه‌وكات هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند ده‌بێت به هه‌نارده‌كردنی نەوت، بە بڕی 250 هه‌زار به‌رمیلی ڕۆژانه.
kdp-
