کەرکووک.. میلیشیاکانی حەشدی شەعبی قەناس بەدەست لەسەر باڵەخانەکان دادەنێت

 کەرکووک.. میلیشیاکانی حەشدی شەعبی قەناس بەدەست لەسەر باڵەخانەکان دادەنێت
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان ڕای دەگەیەنێت، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک قەناس بەدەست لەسەر باڵەخانەکان دادەنێت.

عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، ڕایگەیاند: "لە کەرکووک لە ھەر شوێنێک ئۆتۆمبێلی سەربازی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بووەستێت لە بینا بەرزەکانی دەوروبەری ئەو ئۆتۆمبێلانەوە، قەناس بەدەستی حەشدی شەعبی ڵێ دادەنێن، بۆ چاودێریکردنی ئەو شوێنانە کە ھەر کەسێک تەقەیان لێ بکات، ئەوا ئەوانیش بە قەناس وەڵامیان دەدەنەوە".

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە وەزیری نەوتی عێراق سەردانی کەرکووکی کردووە و لەو سەردانەیدا گوتویەتی، ئێمە زەوی دابەشی سەر فەرمانبەرانی کۆمپانیای نەوتی باکوور دەکەین، بەڵام زۆربەی ھەرە زۆری فەرمانبەرانی کۆمپانیای نەوتی باکووریش عەرەبی ھاوردەن و ڕەنگە خەڵکی عەرەبی تریش بگوازنەوە بۆ کەرکووک، گوتیشی: "ئەمەش دەبێتە تەعرێبێکی نوێ لە شارەکە".

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بە چاوساخیی گرووپێکی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی، بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران ھێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورەیان داگیر کرد و ھەزاران ھاووڵاتی روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد.









باسنيوز
Top