گوتەبێژی یەپەگە پەیوەندی بە سوپای ئازادەوە کرد

 گوتەبێژی یەپەگە پەیوەندی بە سوپای ئازادەوە کرد
گوتەبێژی فەرمی سوپای سووریای دیموکرات، لە سوپای سووریای دیموکرات جیا دەبێتەوە و پەیوەندی بە سوپای ئازادەوە دەکات.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی ھەواڵییەکانی سوپای ئۆپۆزسیۆنی سووریا، عەقید تەلال سلۆ، گوتەبێژی سوپای سووریای دیموکرات، لە سوپای سووریای دیموکرات جیا دەبێتەوە و پەیوەندی بە سوپای ئازادەوە لە باکووری حەلەب دەکات.

سەرچاوەیەک بەرپرسی ھەواڵی جیابوونەوەی تەلال سلۆی بە ھەماھەنگی لەگەڵ گرووپەکانی (درع ئەلفورات) رۆژی چوارشەممە 15/11/2017 پشتڕاست کردەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە تائێستا ھیچ لێدوانێک لەلایەن ناوبراوەوە، یاخود ھێزەکانی سوپای سووریای دیموکرات، لەمبارەوە نەدراوە.

ئیبراھیم حەبەش، بەڕێوەبەری تۆڕی راگەیاندنی خابوور، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، بە رۆژنامەی قودسی عەرەبیدا راگەیاندووە، کە تەلال سلۆ، لە شاری قامشلۆوە گەیشتە منبج و دواتر لەوێوە چووەتە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی درع ئەلفورات، کە لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێت و پەیوەندی بەو ھێزانەوە کرد کە بۆ شاری جەربلس گواستیانەوە.

تەلال سلۆ، یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکانی نێو سووریای دیموکراتە، کە یەکینەکانی پاراستنی گەڵ (یەپەگە) بەشی سەرەکی پێکدەھێنێت و لە سەرەتای شۆڕشی سووریاوە پلەی عەقیدی پێ بەخشراوە، سەرکردایەتیی لیوای سەلاجیقەی کردووە، کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرا، لە گوندەکانی باکووری حەلەب، دواتر کە ھیزەکانی سووریای دیموکرات لە 2015 دامەزرا، سلۆ لە تورکیاوە گەڕایەوە کۆبانی و بە گوتەبێژی ئەو ھێزە دامەزرا.









باسنيوز
Top