دەزگای خێرخوازیی بارزانی: ئامادەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشانین

دەزگای خێرخوازیی بارزانی: ئامادەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشانین


پاش ڕوودانی بوومەلەرزە لە پارێزگای کرماشان و بوونە قوربانیی هاووڵاتییەکی زۆری کورد، دەزگای خێزخوازیی بارزانی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە هاوکاری و یارمەتیی مرۆیی بگەیەنێتە لێقەوماوانی ئەو کارەساتە.



لەمبارەوە، ئیبراهیم سەمین، ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانس گوتی: "پاش ڕووداوی بوومەلەرزە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێمە وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئامادەیی خۆمان بۆ یارمەتی گەیاندن بە بەرکەوتوان ڕاگەیاندووە".



ئەو ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەدا گوتیشی: "بۆ ئەم مەبەست ئێمە بە فەرمی داوامان لە کونسووڵگەریی ئێران لە هەولێر کردووە کە ئێمە وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامادەی هاوکاریی مرۆیین بۆ بەرکەوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان و ئەوانیش پێیان ڕاگەیاندین کە ئێمەش داخوازییەکەتان بەرز دەکەینەوە و پاش مۆڵەت وەرگرتن ئاگادارتان دەکەینەوە".



ئەم هەوڵە لە کاتێک دایە کە دوای ڕووداوی بوومەلەرزەکەی کرماشان و زیانی گیانی و مادیی زۆر، چەندین وڵاتی ئەورووپی و تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئامادەی هەناردنی هاوکاری بوون، بەڵام ئێران هەموو ئەو داخوازیانەی ڕەت کردووەتەوە و ئەمڕۆ محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕای گەیاند "یارمەتیی هیچ وڵات و لایەنێکمان ناوێت و خۆمان توانایی کۆنترۆڵی دۆخەکە دەکەین".



ئەم هەڵوێستەی ئێران لە کاتێک دایە کە ماوەی دوو ڕۆژە بوومەلەرزەکە ڕووی داوە، کەچی جۆر و ئاستی هاوکاریی حکوومەت بۆ لێقەوماوان و خەڵکی بێدەرەتان زۆر لاواز و بەرپرسان کەمتەرخەمن و هەتا ئیستا بە سەدان تەرم لەژێر دار و پەردوودا ماون و بە هەزاران خەڵک ئاوارە بوون و شوێنی نیشتەجىوونیان نییە. بەپێی زانیارییەکان لە زۆربەی شار و شارۆچکە و ناچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخراوە مەدەنییەکان و خەڵکی خۆڕسک هاوکارییان کۆ کردووەتەوە بۆ لێقەوماوان، بەڵام حکوومەت و ڕێگریی لێ کردوون و ڕای گەیاندووە دەبێ یارمەتییەکان لەڕێگەی حکوومەتەوە بێت.

bas news-
Top