پۆلیسی دارستان پێنج کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر دەکات
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە پێنج کەسیان بە تۆمەتی ڕاوکردن و بیرلێدان بەشێوەی نایاسایی، لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 14/11/2017، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی فەرمی بڵاو کردووەتەوە و وێنەیەکی ناردووە، تێیدا عەقید ھێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان وژینگەی سلێمانی ڕای گەیاندووە: "مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارەزوور، لە دەرچوونێکی مەیدانیدا توانیان یەک ھاووڵاتیی تۆمەتبار دەستگیر بکەن، کە سەرقاڵی ڕاوی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی بوو، ھاوکات دەست گیرا بەسەر پێنج باڵندەی ڕاوکراو لە جۆری پۆڕ، ھەروەھا یەک چەکی جۆری تاپڕ".
باسی لەوەش کردووە: "لە لایەکی دیکەوە، مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پیرەمەگروون، لەدەرچوونێکیاندا توانیان دوو ھاووڵاتیی تۆمەتبار دەستگیر بکەن، کە سەرقاڵی ڕاوی باڵندەی کێوی بوون، ھاوکات دەستگیرا بەسەر دوو باڵندە لە جۆری باز و شەش باڵندە لە جۆری قەتێ و سێ باڵندە لە جۆری کۆترو، ھەروەھا 11 باڵندەی کێوی، دواتر بە بڕیاری دادوەر باڵندەکان ئازاد کراون".
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان وژینگەی سلێمانی دەشڵێت: "مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی تەکیە، لە دەرچوونێکی مەیدانییاندا، توانیان دوو ھاووڵاتیی تۆمەتبار دەستگیر بکەن، کە سەرقاڵی بیر لێدان بوون بەشێوەیەکی نایاسایی، ھاوکات دەستگیرا بەسەر یەک ئامێری بیرلێدان".
عەقید ھێمن کەمەرخان ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە تۆمەتبارەکان خۆیان و کەرەسەکانیان ڕووبەڕووی یاسا کرانەوە".
bas news-
