کاتی دابەشکردنی نەوت لە گەرمیان ئاشکرا دەکرێت

کاتی دابەشکردنی نەوت لە گەرمیان ئاشکرا دەکرێت
پاش ئەوەی بڕە نەوتێک لە بەغداوە بە پارێزگای سلێمانی گەیشت، بەرپرسێک لە ئیدارەی گەرمیان ئاشکرای دەکات لەو ڕێژەیەی بۆ ئەو پارێزگایە دیاری کراوە،‌ بەشی گەرمیانیشی تێدایە.

یادگار فەتاح، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان، ڕاگەیاند: "لەو بڕە نەوتە سپییەی بۆ پارێزگای سلێمانی نێردراوە، بەشی گەرمیانیشی تێدایە".

گوتیشی: "بەھۆی ئەوەی فۆڕمی خۆراکی سنووری ئیدارەی گەرمیان بەشێکی کۆنە ‌و بەشێکی نوێیە،‌ بۆیە ناتوانرێت لەسەر فۆڕمی خۆراک ئەو نەوتی سپییە دابەش بکرێت".

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان باسی لەوەش کرد، کە لە سنووری سلێمانی بە کارتی زیرەک ئەو نەوتە دابەش دەکرێت، "بەڵام لە گەرمیان گرفتی کارتی زیرەکمان ھەیە لە ‌ماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ کۆمپانیاکان ڕێک دەکەوین و چارەسەری دەکەین و کارتی زیرەک دەردەکەین".

جەختی لەوەش کردەوە: "ئەو بڕە نەوتەی بەشی گەرمیانە لە عەمبارەکانی خۆمان ھەڵیدەگرین، تاوەکو کارتی زیرەک دەردەکەین و لەپاش ئەوە دەست دەکەین بەدابەشکردنی".

یادگار فەتاح ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە کار دەکەن و لە ماوەیەکی "زۆر نزیکدا، کە ڕەنگە نەگاتە مانگێکی دیکە"، ھەر خێزانێک بەرمیلێک نەوتی بەسەردا دابەش دەکرێت.
bas news-
Top