نێچیرڤان بارزانی: زیان لێکەوتووانی بوومەلەرزەکە قەرەبوو دەکەینەوە
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرەخۆشی ئاراستەی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی ئێوارەی یەکشەممە 12/11/2017ی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان کرد، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە لە هەرێمی کوردستان قەرەبوو دەکەنەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی پرێس کۆنفرانسێکدا کە دوای بەسەرکردنەوەی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە لە شارۆچکەی دەربەندیخان ڕای گەیاند: ”بوومەلەرزەکە لە هەرێمی کوردستان زیانی زۆری هەبووە“ و سوپاسی سەرجەم دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی لە ناوچەکە کرد کە لە ساتی ڕووداوەکەوە بەدەنگ زیانلێکەوتووان چوون.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە قەرەبوو دەکەنەوە و بودجەیەک دەخەنە بەر دەستی یەکە ئیدارییەکان.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: ”لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەداخەوە زۆر خەڵک شەهید بووە، بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرەخۆشی لە هەموو ئەو قوربانییانە دەکەین و هاوبەشی خەمیانین و ئیشەڵا ئەمە دواکارەسات بێت کە لە هەردوو سنوورەکەدا ڕوویان داوە“.
لەبارەی بەنداوی دەربەندیخانیش ئاشکرای کرد کە بەڕێوەبەری بەنداوەکە پێی ڕاگەیاندووە، هەرچەندە بوومەلەرزەکە زیانی هەبووە، بەڵام مەترسیی ڕووخانی نییە. ئاماژەشی بەوە کرد: ”لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا گفتوگۆمان کردووە، بەڵێنیان داوە کە خەڵکی شارەزا بنێرن تا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکەن“.
لەبارەی ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکە لە هەرێمی کوردستان، پێشتر دكتۆر ڕێكەوت حەمە ڕەشید، وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند "بەهۆی بەمەلەرزەكەی شەوی ڕابردووەوە 12/11/2017، هەشت هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان گیانیان لە دەست داوە كە 5 یان لە قەزای دەربەندیخان و دوانیان لە سنووری گەرمیان و یەكێكیشیان لە سلێمانی بووە".
بەهۆی بومەلەرزەكەوە 120 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بەهۆی ترسەوە و 201 هاووڵاتیش بەهۆی برینداربوونەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان كە سەرجەمیان برینەكانیان سووك بووە و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.
لە پارێزگای کرماشان و بەتایبەت شارەکانی سەرپێڵزەهاو، قەسری شیرین و سەلاسی باوەجانی، ئەزگلە، جوانڕۆ، شائاباد و کرێند و گوندەکانی دەوربەری، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی ئیران هەتا ئێستا 430 کە گیانیان لەدەست داوە و حەوت هەزار و 817 کەسیش بریندار بوون.
ئەم ئامارە لە حاڵێک دایە خودی خەڵک و چالاکوانانی مەدەنی دەڵێن ئاماری راستەقینەی قوربانیان زۆر لە ئاماری میدیا فەرمییەکانی ئێران زیاترن.
bas news-
