بەغدا هیچ هاوکارییەکی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە نەناردووە

بەغدا هیچ هاوکارییەکی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە نەناردووە
سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، دەسەڵاتی بەغدا بەرانبەر بە هاووڵاتییانی کوردستان کەمتەرخەمە و هێشتا نایەوێت وەک هاووڵاتیی عێراقیش مامەڵەیان لەگەڵ بکات.

بە هۆی زنجیرەیەک بومەلەرزە لە کوردستان، کە شەوی 12/11/2017، ڕووی دا، هەشت هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان گیانیان لەدەست داوە، كە پێنجیان لە قەزای دەربەندیخان و دووانیان لە سنووری گەرمیان و یەكێكیشیان لە سلێمانی بووە.

بە هۆی بومەلەرزەكەوە 120 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بە هۆی ترسەوە و 201 هاووڵاتیش بە هۆی برینداربوونەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان، كە سەرجەمیان برینەكانیان سووك بووە و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.

(زیاد کاکە ڕەزا)، سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''دەبوو دوای بومەلەرزەکەی دەربەندیخان و هەڵەبجە حکوومەتی عێراق بهاتایەتە سەرخەت و، سەرۆکی حکوومەتی عێراق، خۆی سەردانی لێقەوماوانی بکردبایە، بەڵام بەداخەوە بەغدا وەک دوژمن سەیری کوردستان دەکات و دەرکەوت دەوڵەتی عێراق بە فیعلی دوو پارچەیە و کوردستان و خەڵکی کوردستانیش بە هاووڵاتیی عێراق حیساب ناکات.''

(زیاد کاکە ڕەزا) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''یەکەم وڵات تورکیا بوو هەندێک هاوکاریی ناردووە، بەغدا هیچ هاوکارییەکی بۆ لێقەوماوان نەناردووە و ناشیەوێت خۆی لەو ڕووداوە بگەیەنێت، چونکە ئەو بێباکە و لە خەمی خەڵکی کوردستاندا نییە.''

هاوکات لە پارێزگای کرماشان و بەتایبەت شارەکانی سەرپێڵ‌زەهاو، قەسری‌ شیرین، سەلاسی باوەجانی، ئەزگلە، جوانڕۆ، شائاباد و کرێند و گوندەکانی دەوربەریان، بە پێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی ئیران هەتا ئێستا 430 کەس گیانیان لەدەست داوە و حەوت هەزار و 817 کەسیش بریندار بوون.
kdp-
Top