شەڕی پێشبینیکراوی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی کورد دەبێت
ئێران چاوی لە ناوچەکەدا سوورکردووەتەوە
(عەبدلوباست حەمۆ)، جیگری سەرۆکی ئیتلافی نیشتمانیی سووری ''ئۆپزسیۆن''ـە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریایە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەمڕۆ ئێران چاوی لە ناوچەکە سوورکردووەتەوە و گۆی بە دنیا نادات، بەرژەوەندیی زۆر لە ناوچە لە بنپێ کراون و هێرش بۆ سەر ناوچە دەکات، بەتایبەت ئەو هێرشەی ئەم دوایەی بۆ سەر کەرکووک لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ و ڕۆژئاواش بێدەنگ بووە لەسەر ئەم پرسە.
(عەبدلوباست حەمۆ) گوتی: ''لە دوای شکستی داعش و نەمانی مەترسییان، ئێستا مەترسیی ئێران بۆ ناوچەکە هەیە و بەتایبەت لەسەر عێراق و سووریا و ئێستا واقع قسە دەکات، کە چۆن ئێران بە دڵی خۆی مامەڵە لەگەڵ ناوچەکە دەکات.''
زۆربەی میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە شەڕێکی گەورە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات، بەتایبەت لە نێوان هیزەکانی سەر بە ئێران و سعوودیەدا.
سەبارەت بەمەش، (حەمۆ) گوتی: ''ئەگەر ئەم شەڕە پێشبینیکراوە ڕوو بدات، پێگەی هیزەکانی سەر بە ئێران لاواز دەبێت و لەم هێرشانەی دواییشدا، کە بێدەنگبوونی سوننەکانی عەرەبی لەبارەوە هەبوو، بەڵام ئەو هێرشانەی بۆ سەر ئێمە کران، ئێستا بوونەتە مەترسی لەسەر ئەوانیش، و ئەم شەڕەش لە بەرژەوەندیی کورددا دەبێت.''
(حەمۆ) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''ئیستا جەنگەکە بووەتە جەنگی مەزهەبی لە نێوان دنیای سوننی و شیعی و لە کەنداو دەست پێ دەکات و بە گفتوگۆ چارە ناکرێت و ئەم شەڕە لە قسەکانی بەرگریی ئێران دیاربوو، کە لەم دواییانەدا کردی، ئەوان دەیانەوێت دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرن و خۆیان بە پاڵەوانی ناوچەکە دەبینن.''
تورکیا پەشیمان بووەتەوە لەو ڕێککەوتنەی نێوان (ئۆردوگان) و (ڕۆحانی)
جیگری سەرۆکی ئیتلافی نیشتمانیی سووری گوتیشی: ''ئێستا تورکیاش گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەهێز بوو بۆ ئەوان، بەڵام ئێستا بە خۆیان دەزانن، کە ئێران مەترسییە بۆ سەر ئەوانیش، چونکە ئیستا ئێران باڵادەستە لە ناوچەکەدا و لە شام و بەغدا و، بەحرێن و لوبنان و نێوەی یەمەنیش لە دەستیدایە.''
(حەمۆ) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''لەبەر ئەوەی تورکیا دەزانێت هەموو ئەم ناوچانە دەبنە هەڕەشە بۆ ئانکارا، لەبەر ئەوەش لاوازییەک هەیە لە هەڕەشەکانی بۆ سەر کوردستان، تورکیاش دەزانێت و لەو ڕێککەوتنەی (ئۆردوگان) و (ڕۆحانی) پەشیمان بووەتەوە، چونکە ئێران بە ئەگەری دژی ڕیفراندۆم هێنایە تاران و ڕێککەوتنیان کرد.''
ئەمەریکا دێتە سەرخەت
ئایا ئەمەریکا پشتیوانیی دنیای سوننی، یان ئێران دەبێت؟ ئێستا سعوودیە دەیەوێت ئەم شەڕە و هەڕەشەی ئێران نەمێنیت و دەیەوێت ڕووسیا و ئەمەریکاش هاوکار بن، لە بەرامبەر ئەمەشەدا ئەمەریکا و ڕووسیا دەچنە بەرەی سعوودیە، چونکە ئەگەر ناوچەکە بە تەواوی کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئێران، ئەوا دەبێتە مەترسی لەسەر ناوچەکە، هەرچەندە ئەمەریکا و ڕووسیا لەگەڵ بەرژەوەندیی خۆیانن. (عەبدولباست) وای گوت.
(حەمۆ) دەشڵێت: ''چونکە ئێران پڕۆژەی چەکی ئەتۆمی هەیە و دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمەریکا و ئیسرائیلیش''.
kdp-
