کرماشان.. ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکە گەیشتە نزیکەی 1900 کەس

 کرماشان.. ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکە گەیشتە نزیکەی 1900 کەس
بە گوتەی بەڕێوەبەری پزیشکی یاسایی پارێزگای کرماشان، ژمارەی کوژراوانی بوومەلەرزەکەی شەوی ڕابردوو لە شار و شارۆچکەکانی ئەو پاریزگایە گەیشتووەتە 207کەس.



بەپێی دوایین ئامار و داتای ماڵپەڕە خۆجییەکانی پارێزگای کرماشان، جیا لە گیان لەدەستدانی 200 کەس، هاوکات لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری ئەو پارێزگایە وەک، سەرپێڵ زەهاب، جوانڕۆ، ئەزگلە و ڕوانسەر هەتا ئێستا 1686 کەس بەهۆی ئەو بوومەرلزەوە بریندار بوون و بارودۆخی زۆرێکیان ناجێگیرە.



ئەو بوومەلەرزەیە کە بەپێی زانیاریی ناوەندەکانی ڕووپێوی بوومەلەرزە، لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگای کرماشان و بەتایبەت سنووری (ئەزگلە) بووە، جیا لە زیانی گیانی، ژێرخانەکانی زیانی زۆریان پێگەیستووە و هێلەکانی ئاو و کارەبا و تەلەفۆن و ئەنتەرنێت پچڕاون.



ئاماری قوربانیان تەنیا لە شاری سەرپێڵ زەهاو گەیشتووەتە 143 کوژراو و باقی قوربانییەکانی دیکە لە قەسری شیرین، شائاباد و ڕوانسەر و سەلاسی باوەجانی و داڵەهۆ و دەوربوری بوون.



لە زۆربەی شارەکانی کرماشان لێژنەی قەیران پێکهاتووە و لە ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە هانای لێقەومانەوە چوون.



بەپێی دوایین زانیارییەکان بەیانی ئەمڕۆش بۆ چەند جارێک بوومەلەرزەکە لە شارەکانی قەسری شیرین و سەرپێڵ زەهاو بە پلەی 3 ڕیشتەر دووپات بوونەتەوە، بەڵام هیچ زیانی مادی و گیانیان نەبووە.



لەلایەن ناوەندە فەرمییەکانی ئێرانەوە بە بۆنەی ڕووداوی بوومەلەرزە و ڕێزدانان لە قوربانییەکان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیەندراوە.



بەپێی زانیاریی ماڵپەرە خۆجێیەکانی کرماشان لێقەوماوان پێویستیان بە خێوەت و بەتانی و کەلوپەلی گەرمکردنەوە هەیە.



هاوکات ئەم بوومەلەرزەیە لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستانیش ڕووی داوە و بەتایبەت لە شارەکانی دەربەندیخان و کەلار و هەڵەبجە خەساری گیانی و مادیی زۆری هەبووە کە 5 کەس گیانیان لەدەست داوە و لە زۆربەی شارەکانیش زیاتر لە 200 کەس بریندار بوون.




باسنيوز
Top