عومەری سەید عەلی داوای یەکڕیزی دەکات و فراکسیۆنەکەی رەتی دەکاتەوە
بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە 12/11/2017، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق کۆ ببنەوە.
پێش کۆبوونەوەکە، فراکسیۆنەکانی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی رەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن، کە ئامانج لە کۆبوونەوەکە دروستکردنی هەڵوێستێکی هاوبەش و یەکگرتووی کوردستان بوو لەبەرامبەر عێراق.
هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی رەتکردنەوەی بەشداربوون لە کۆبوونەوەکە لەلایەن فراکسۆنی گۆڕانەوە، عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتیی گۆڕان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاندووە، کە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی دیکە هەیە و ”پێویستە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا هەبێت“.
باسنيوز
