عوسمان بایدەمیر ئازاد كرا

عوسمان بایدەمیر ئازاد كرا

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكشەممە بە تۆمەتی (پڕوپاگاندەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی)، عوسمان بایدەمیر گوتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) لە فڕۆکەخانەی ئاتاتورک لە شاری ئیستانبوڵ دەستگیر کرا، ئێوارەی ئەمڕۆ ئازاد كرا.


بایدەمیر ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە شاری ھامبورگی ئەڵمانیاوە گەیشتە فڕۆکەخانەی ئاتاتورک لە شاری ئیستانبوڵ و لە دوای پشکنینی پاسپۆرتەکەی، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا.


بایدەمیر بردرایە بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی ئەتاتورک و دواتر گواسترایەوە بۆ دادگای باکرکۆی شاری ئیستانبوڵ.


بایدەمیر كە گوتەبێژی ھەدەپە و پەرلەمانتاری شاری ئیستانبوڵە، بە تۆمەتی پروپاگاندە لە چالاکییەکانی نەورۆزی شارۆچکەی بیرەجیکی سەر بە پارێزگای ئورفا، سکاڵای لەسەر تۆمار کرا و داوای سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی کرا.


ئێوارەی ئەمڕۆش عوسمان بایدەمیر دوای دەستبەسەرکردنی بۆ چەند كاتژمێرێك لە شاری ئیستانبوڵ و دوای لێوەرگرتنی ئیفادە، ئازاد کرا.


لەمبارەیەوە (هەدەپە) رایگەیاندووە كە تا ئێستە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بایدەمیر رانەگەیەندراوە.
bas news-
Top