د. سامان شاڵی: غرووری بەغدا تا سەر نابێت و گۆڕانگاریی گەورە بەڕێوەیە
(د.سامان شالی) سیاسەتوان و ئاكادیمیست، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دوای رووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر، عێراق تووشی غروورێكی گەورە بووە و دەیەوێ ھەموو مەرجەكانی بەسەر حكوومەت و خەڵكی ھەرێمی كوردستاندا بسەپێنێ، بەڵام تا سەر بۆ عێراق ئەم غروورییە ناچێتە سەر و رووداوگەلێك بەڕێوەن، لەبەر ئەوە پێشبینی دەكرێت گۆڕانكاریی تر روو بدەن لە ناوچەكەدا، ئەوەتا لە نێوان یەمەن و سعوودیا رووداو ھەن، لە لوبنان و ئێران گۆڕانكاری لە رەوشەكەدا بەڕێوەن، ئەوەیشی رووی دا سەركەوتنی عێراق و (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق نییە، بەڵكوو ئێران سەر كەوتووە نەك (عەبادی)، چونكە ھەموومان دەزانین حەشدی شەعبی سەر بە كێ و کوێیە".
ھێزی پێشمەرگەی كوردستان، گەورەترین پەیامی گەیاندە بەغدا بەوەی لە چەند بەرەیەكی شەڕ حەشدیشەعبی و ھێزە عێراقییەكان بە تووندی شکاند و، نەیانھێشت پێشڕەوی بكەن بۆ ناو خاكی ھەرێمی كوردستان، ئەو كەسایەتییە ئاكادیمییە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "ئەوەی بەغدای ناچار كرد داوای دانوستان بكات لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا، یەكەم خاڵ سەركەوتنی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو لە بەرەكانی پێشەوە كە نەیانھێشت سوپا و حەشدی شەعبی پێشڕەوی بۆ ھەرێمی كوردستان بكەن، خاڵی دووەمیش ئەوەیە بە یەك دەنگ و ھەڵوێست كورد بچێتە بەغدا بۆ دانوستان، ئێستا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستی بەوە كردووە نزیكبوونەوەیەك ھەبێت لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا".
سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لە ھەوڵی ئەوەدایە سەردانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بكات بۆ ئەوەی كۆدەنگی بێنێتە کایەوە و پێکەوە بەرەنگاری كێشەكانی ئێستا ببنەوە كە رووبەڕووی ھەرێمی كوردستان بوونەتەوە، (شالی) لەوبارەوە دەڵێ، "یەكگرتوویی لە قەیراندا، گەورەترین سەركەوتنە، ئێمە وەك ھەرێمی كوردستان پێویستە زیاتر لە ھەموو كاتێك ئێستا یەكگرتوو بین و بتوانین لەم قەیرانەی ئێستا دەربچین، ئەوە پێم وابێت سەركەوتنێكی زۆر گەورەیە، بە تایبەتی لەو ھەشت مانگەی تەمەنی حكوومەتی ئێستادا، كار بۆ ئەو یەكگرتنە بكرێت."
kdp-
