کەولوسی: هاوکاری پێشمەرگە خراوەتە چوارچێوەی سیستەمی بەرگریی ئەمەریکاوە
(مەشخەل کەولوسی)، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێستا پڕۆژەیاسای بوودجەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بۆ کورد زۆر گرنگە، چونکە ئەوەی دەسەلمێنێت کورد تووشی ھەندێ ڕووداو بووە، بەڵام نەمردووە و ئێستا سەرەتای ھەستانەوەی حەقیقیی کوردە لە ناوچەکەدا، سەرباری ئەوەی ھەرێمی کوردستان ڕیفڕاندۆمی ئەنجام داوە و ڕەوشێکی نوێی لە عێراق و ناوچەکەدا ھێناوەتە ئاراوە، ئەمەریکییەکان ئامادەن بەبێ ئەوەی مەرجی یەکگرتووییی عێراق دابنێن، یان داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفڕاندۆم بکەن، ئامادەن ھاوکاریی کورد بکەن و بە یاساییشی بکەن لە نێو پڕۆژەیاسای وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکادا، کە ئەمە خاڵێکی سیاسیی گرنگە.''
پێشتر لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، ئەمەریکا وەک ھاوپەیمانێکی سەرەکیی شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام ھاوکاریی ھەرێمی کوردستانی کردووە و واشنتن ڕۆڵی پێشمەرگە لە شکاندنی داعش بە گرنگ وەسف دەکات، ئەو شرۆڤەکارە سیاسییەش پێی وایە: ''یارمەتیدانی ھێزی پێشمەرگە چووەتە نێو سیستەمی بەرگریی ئەمەریکاوە، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی تا چەند ھەرێمی کوردستان دەتوانێ سوود لەو ھاوکارییەی ئەمەریکا وەربگرێت، چونکە نابێ لە ڕاستی دوور بکەوینەوە وڵاتی دیکەش ھاوکاریی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە، کە تا چەند ئەو ھاوکارییانە سوودیان لێ وەرگیراوە، کە ببێتە ھۆکارێک بۆ دروستکردنی کیانێک بۆ کورد.''
لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو بڕیارەی ئەمەریکا تا چەند کاریگەری دەبێت، کە ھەرێمی کوردستان بەھێزەوە بگەڕێتەوە بەرامبەر بەغدا بۆ دانوستان، (مەشخەل کەولوسی) دەڵێت: ''عێراقیش ھەمان نیازی ھەیە، کە کورد لاواز بکەن، ھەتا لە ھێرشەکانیان بۆ سەر کوردستان بەغدا دەیەوێت تا سەر ئێسقان کورد بشکێنێت، عێراق وای بیر دەکردەوە ئەمەریکا گلۆپی سەوزی بۆ بەغدا داگیرساندووە، کەچی لە کۆتاییدا بینیمان ئەمەریکا خۆی بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نییە بەوەی کورد لەنێو ببرێت، ھەتا ھێزە ھەرێمایەتییەکانیش ڕازی نابن بە لەناوبردنی ھەرێمی کوردستان، بە بەڵگەی ئەو پڕۆژەیاسایەی ئامادە کراوە، ئەمەریکا قبووڵ ناکات ئیرادەی ھەرێمی کوردستان بشکێندرێت لەلایەن عێراقەوە.''
kdp-
