ناسح غەفوور: پڕۆژەی عەرەب و تورکمان بۆ بەهەرێمکردنی کەرکووک شکست دێنێت
بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکانی پارێزگای کەرکووک پڕۆژەیەکیان ئامادە کردووە و دەخوازن لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیانەوە پارێزگای کەرکووک بکرێتە ھەرێمێکی سەربەخۆ. لەم بارەیەوە (ناسح غەفوور)، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پڕۆژەی تورکمان و عەرەبەکان بۆ ئەوەی پارێزگای کەرکووک بکرێتە ھەرێمی سەربەخۆ لە بنەڕەتدا ڕەت دەکرێتەوە، چونکە ئەگەر زۆرینەی دانیشتوانی ڕەسەنی کەرکووک کورد نەبن، ئەوە بێگومان لە نیوە زیاتر کوردن و ڕێژەی کورد دەگاتە ٦٦%ی دانیشتوانی کەرکووک، لەبەر ئەوە بەبێ کورد ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت بڕیار لەبارەی ئایندەی پارێزگای کەرکووکەوە بدات.''
لە کەرکووک بە پێی ئاماری ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو کورد زۆرینەی پێکھاتەی پارێزگای کەرکووکە و لە ھەر ڕەوشێکدا بەبێ کورد ھیچ پڕۆژەیەک لەبارەی کەرکووکەوە سەر ناگرێت. (ناسح غەفوور) گوتی: ''ھیچ یەک لە نەتەوەکانی عەرەب و تورکمان بایی ئەوەندە دەنگیان نییە تا بڕیار لەبارەی بەھەرێمکردنی کەرکووکەوە بدەن، من لەو بڕوایەدام لەنێو خۆشیاندا کۆک نین، کە کێ ئیدارەی شارەکە دەکات، ڕاستە پڕۆژەکەیان بەرز کردووەتەوە و ھەوڵی جددیشی بۆ دەدرێت، بەڵام پڕۆژەکەیان فەشەل دێنێت و سەرناگرێت، بەبێ کورد کەرکووک بەڕێوە ناچێت.''
kdp-
