یەکێتیی 150 تیرۆریستی دەستگیرکراو ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەکات
لیوا مەعن سەعدی کە پێشتر ئەفسەرێکی هەواڵگریی سەردەمی بەعس بووە و لە دوای خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەری گرووپێکی نێو یەکێتی و ڕادەستکردنی کەرکووک بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران، پۆستی بەرپرسی دۆسیەی ئەمنیی کەرکووکی پێ دراوە، بە ماڵپەڕی (غەدپرێس)ی عێراقی ڕاگەیاندووە: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک، 150 تیرۆریستیان ڕادەستی دەزگای دژە تیرۆری عێراق کرد و ئێستا ئەو دەستگیرکراوانە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەنجام دەدرێت".
ئەلسەعدی، ئەوەشی خستەڕوو، ھەڵمەتی پشکنینیان لە سەرجەم گەڕەکەکانی کەرکووک دەست پێکردووە. ئاشکراشی کرد، لە ھەر ماڵێکدا زیاتر لە چەکێک ھەبووبێت، دەستگیراوە بە سەریدا و تەنیا ڕێگە دراوە یەک پارچە چەک، لە یەک ماڵدا ھەبێت، ”ئەویش پێویستە تۆمار بکرێت".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنيوز
