لە سلێمانی 2 ملیۆن حەبی تڕامادۆڵ لەنێو پاکەتی جگەرەدا دەستی بەسەردا گیرا

لە سلێمانی 2 ملیۆن حەبی تڕامادۆڵ لەنێو پاکەتی جگەرەدا دەستی بەسەردا گیرا
بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەدات، کە بڕی 2 ملیۆن حەبی ترامادۆڵ لەنێو پاکەتی جگەرەدا دەستی بەسەرداگیراوە و بەوھۆیەوە چوار کەس دەستگیرکراوە.

جەلال ئەمین، بەڕێوبەری ھۆبەی مادە ھۆشبەرەکان لە بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 12/11/2017 ڕایگەیاند: "حەفتەی ڕابردوو، لەنێو کۆگایەکی شاری سلێمانی، ھێزەکانی ئاسایش، دەستیان بەسەر 2 ملیۆن حەبی ترامادۆڵ گرتووە، کە حەبەکە لە مادەی ڤیاگرا و ترامادۆڵ دروستکراوە، بێگومان تێکەڵکردنی ئەو دوو جۆرە مادەیە ترسناکە، چونکە زیانێکی زۆر بەتەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت".

بەڕێوبەری ھۆبەی مادە ھۆشبەرەکانی ئاسایشی سلێمانی، ئەوەشی خستە روو، کە ئەو کەسانەی کە بازرگانیان بەو مادە ھۆشبەرانەوە کردوە، تەواوی حەبەکانیان کردووەتە نێو پاکەتی جگەرە، بۆ ئەوەی ھیچ کەسێک نەزانێت ئەوە مادەی ھۆشبەرە، دەشڵێت: "خۆشبەختانە تەواو حەب و مادە ھۆشبەرەکان لەلایەن ئاسایشەوە دەستی بەسەردا گیراوە و چوار کەسیش لەسەر ئەو تاوانە دەستگیر کراوە".

ئاماژەی بەوەش دا: "ئەمساڵ بازرگانیکردن بەمادەی ھۆشبەرەوە لەچاوی ساڵی ڕابردوو زیادی کردوە، بەڵام ئێمە بەردەوام ھەوڵی ئەو دەدەین ماددەی ھۆشبەر بنبڕ بکەین، چونکە ھەموومان دەزانین مادەی ھۆشبەر لەھەر شارێکدا تەشەنە بکات، کێشەی کۆمەڵایەتی و ڕووداوی دڵتەزێن زیاد دەکات".

جەلال ئەمین، بەڕێوبەری ھۆبەی مادە ھۆشبەرەکان لە بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانى، گوتیشی: "زوربەی مادە ھۆشبەرەکان لەوڵاتانی دراوسێ دێتە ھەرێمی کوردستان، ھەرواھا ئەمساڵ لە شاری سلێمانی، ھەوڵی ئەوە درابوو، کە کێڵگەیەک مادەی ھۆشبەری لێ بچێندرێت، بەڵام لەلایەن ئاسایشەوە ئەو ھەوڵە شکستی ھێنا".










باسنیوز
Top