سکرتێری ڕۆژنامەوانیی قوباد تاڵەبانی: حکوومەت لیستی ناوی فەرمانبەرانی بۆ بەغدا ئامادە کردووە

 	 سکرتێری ڕۆژنامەوانیی قوباد تاڵەبانی: حکوومەت لیستی ناوی فەرمانبەرانی بۆ بەغدا ئامادە کردووە
سکرتێری ڕۆژنامەوانیی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، حکوومەتی ھەرێم داتا و ئاماری دروستی فەرمانبەرانی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی ڕەوانەی بەغدا بکرێت و دەشڵێت، بە پێی ئەنجامی سیستەمی بایۆمەتری یەک ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار مووچەخۆر ناوی تۆمار کراوە.

(سەمیر ھەورامی)، گۆتەبێژی پڕۆژەی بایۆمەتری و سکرتێری ڕۆژنامەوانیی (قوباد تاڵەبانی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لەبارەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە، ئێمە پەیوەندیمان پێوە کردوون و ئامادەییی ئەوەمان پێشان داوە لەسەر سیستەمی بایۆمەتری ئامار و داتایەکی ڕاستەقینە بدەین بە عێراق و ھەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ پێدانی ئاماری دروستی فەرمانبەرانی کوردستان بەپێی ئەو سیستەمەی لە پڕۆژەی بایۆمەتریدا تۆمار کراوە، کە ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار مووچەخۆرە، بڕی پارەکەش نزیکەی ٩٠٠ ملیار دینار دەکات، بۆ پێدانی مووچەی ھەموو فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.''

(سەمیر ھەورامی) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''بەغدا ڕۆژانە ڕاگەیاندراو بڵاو دەکاتەوە کە ئامادەن بۆ دانوستان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی، بەڵام تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی کرداری نەنراوە، تەنیا لە ڕێگەی ڕاگەیاندراوەکانەوە باسی ئەو پرسە کراوە.'
kdp-
Top